لە عومان دوو درۆن خرانەخوارەوە

سەڵتەنەی عومان رایگەیاند، شکستیان بە دوو هێرشی درۆنی هێناوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ بکەوێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عومان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی حکوومی بڵاویکردووەتەوە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، لە ئاسمانی عومان درۆنێکیان تێکشاندووە، لە ئاسمانی دەریای باکووری هەرێمی دەقم، بە دووری 550 کیلۆمەتر لە مەسقەتی پایتەخت درۆنێکی دیکەیان خستووەتەوە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی تۆمار بکرێت.

هەرچەندە هیچ وڵاتێک بە هێرشە درۆنییەکان تۆمەتبار نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکان وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکان، رایانگەیاندووە، حکوومەت هەموو رێکارێک لە پێناو سەلامەتی وڵات و هاووڵاتیان دەگرێتەبەر.

بەگوێرەی دوا ئاماری ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنیانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە سەر حەوت وڵاتی عەرەبی کەنداو، تاوەکوو ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 3187 هێرش تۆمارکراوە، لە نێویاندا زۆرترین هێرشکراوەتە سەر ئیمارات، لە پلەی دووەم کوەیت دواتر بەگوێرەی ریزبەندی بەحرەین، قەتەر، ئوردەن و سعوودیە دێن، بەڵام لە سەڵتەنەی عومان تەنیا هەشت هێرشی درۆنی تۆمارکراوە.