ترەمپ: جەنگ دژی ئێران ئاسانتر بوو لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا زۆر لە پێش خشتەی کاتییەوەن و توانیویانە زیانێکی بێ وێنە بەو وڵاتە بگەیەنن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسە سەربازییەکانیان دژی تاران زۆر ئاسانتر بووە لەوەی پێشبینییان دەکرد.

چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا گورزی کوشندەیان لە ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران داوە. ترەمپ ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان توانیویانە 28 کەشتی مینڕێژی ئێرانی تێکبشکێنن و زیانێکی گەورە بە تواناکانی ئەو وڵاتە بگەیەنن.

ترەمپ گوتی: "ئێمە زۆر لە پێش خشتەی کاتییەوەین و زیانمان بە ئێران گەیاندووە کە کەس بڕوای نەدەکرد دەکرێت بەو شێوەیە بێت." هەروەها جەختی کردەوە کە "جەنگەکە بۆ ئێران زۆر قورسە، بەڵام بۆ ئێمە زۆر ئاسانتر بوو لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە."

سەبارەت بە سەرکردایەتی ئەو وڵاتە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا دووجار سەرکردایەتی ئێرانی کردووەتە ئامانج و زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکانیانی لەناو بردووە. گوتیشی: "ئێستا گرووپێکی نوێ هاتوونەتە پێشەوە، با بزانین چییان بەسەر دێت."

لە لایەکی ترەوە، ترەمپ باسی لە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لەسەر بازاڕی وزە کرد و رایگەیاند، هەرچەندە پێشبینی دەکرا نرخی نەوت زۆر بەرز بێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنە سەربازییەکانەوە نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ئەوەی روویداوە تەنیا بابەتێکی کاتییە و پەیوەندی بە بارودۆخی جەنگەوە هەیە.

ترەمپ دەشڵێت: ئێران هەزاران مووشەکی هەبوو، بەڵام هێزەکانی ئێمە توانییان زۆربەی تواناکانیان پەکبخەن و کاریگەرییەکی جیهانی گەورەمان دروست کردووە.