ئێف بی ئای : ئەگەری هەیە ئێران لە رێگەی کەشتییەوە هێرشی درۆنی بکاتە سەر کالیفۆرنیا

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا ئێف بی ئای هۆشداریی داوەتە دەزگاکانی پۆلیس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی درۆنی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئاداری 2026، ئەم هۆشدارییە لە بڵاوکراوەیەکی ئەمنیدا هاتووە کە دەست تۆڕەکە کەوتووە و لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ هێزە ئەمنییەکانی کالیفۆرنیا نێردراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسیی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان لە ئارادایە.

لە بڵاوکراوەکەی ئێف بی ئای، لەم دواییانەدا زانیاریمان پێگەیشتووە کە لە سەرەتای مانگی شوباتی2026ەوە، ئێران هەوڵی داوە هێرشێکی کتوپڕ بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئەنجام بدات، کە لە کەشتییەکی نادیارەوە لە نزیک کەناراوەکانی ئەمریکا هەڵدەگیرێن و ئامانج لێیان چەند شوێنێکی نادیارە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە زانیاریی زیاتر لەسەر کاتی هێرشە ئەگەرییەکە، شێوازی جێبەجێکردن، ئامانجەکان یان ئەو لایەنانەی لە پشتێوەن، لەبەردەستدا نییە.

ئەم هۆشدارییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی ئێران دەستی پێکردووە. لە بەرانبەریشدا گوتەبێژی نووسینگەی ئێف بی ئای لە لۆس ئەنجلس هیچ لێدوانێکی لەسەر ناوەڕۆکی هۆشدارییەکە نەداوە و کۆشکی سپیش تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانی بۆ ڕوونکردنەوە نەداوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، جۆن کۆهین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری لە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەری گواستنەوەی جەنگی درۆنەکان بۆ ناو خاکی ئەمریکا جێگەی نیگەرانییە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە مەکسیک و ئەمریکای باشوور پێگەیەکی فراوانی هەیە و خاوەنی پەیوەندی و توانایە لە بواری درۆندا، هەروەها ئێستا پاڵنەری تەواویشی هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەو شێوەیە.

جێی ئاماژەیە، لە مانگەکانی ڕابردوودا بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە لە فراوانبوونی بەکارهێنانی درۆن لەلایەن کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر لە مەکسیک و ئەگەری بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکان.