پێنتاگۆن: تێچووی تەنیا شەش رۆژی جەنگی دژی ئێران 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) قەبارەی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران ئاشکرا کرد، لە ماوەی تەنیا شەش رۆژدا گەیشتووەتە زیاتر لە 11ملیار دۆلار، هاوکات کۆشکی سپیش ئامادەکاری دەکات بۆ داواکردنی بودجەیەکی فریاگوزاریی ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس.

لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، بەرپرسانی پێنتاگۆن رایانگەیاند؛ تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی ئێران لە شەش رۆژی یەکەمدا گەیشتووەتە 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنیا لە دوو رۆژی سەرەتای هێرشەکاندا بڕی پێنج ملیار و 600 ملیۆن دۆلار تەنیا لە چەک و تەقەمەنیدا خەرج کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە کۆشکی سپی داواکارییەک ئاراستەی کۆنگرێس بکات بۆ تەرخانکردنی بودجەیەکی زیادە بە بڕی 50 ملیار دۆلار، بە مەبەستی پڕکردنەوەی تێچووەکانی بەردەوامیی جەنگەکە.

ئەم خەرجییە زەبەلاحانە لەکاتێکدایە کە بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026 بە 900 ملیار دۆلار دیاری کراوە. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتاییهاتنی ئەو جەنگە لە ئارادا نییە.