هێگسێت: بۆ بردنەوەی جەنگی دژی ئێران سەرجەم هێڵەکان دەبەزێنین
وەزیری جەنگیی ئەمریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ستراتیژییەتی قۆناغی داهاتووی وڵاتەکەی لە جەنگی دژی ئێران راگەیاند. هێگسێت جەخت لەوە دەکاتەوە کە واشنتن هێزەکانی زیاتر دەکات و ئامادەیە سەرجەم هێڵە سوورەکان تێپەڕێنێت لەپێناو یەکلاکردنەوەی جەنگەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا لەم جەنگەدا بەردەوام دەبێت و پلانی هەیە قەبارەی هێزەکانی زیاتر بکات. هاوکات گوتی: "ئێمە بە تەواوی هەموو هێڵەکان دەبەزێنین بۆ ئەوەی لەم جەنگەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێگسێت هۆشداریی توندی دا لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و جەختی کردەوە کە دەبێت وەڵامدانەوەکان بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ و بە "کردەوە یەکلاکەرەوە" بن.
هەروەها داوای لە سەرجەم فەرماندە و سەربازەکان کرد کە بە تەواوی سەرنجیان لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە بێت و هیچ جۆرە گومانێک لە ریزەکانیاندا بوونی نەبێت.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پەیامەکەی وەزیری جەنگی، پرسی پاڵپشتیی یاسایی بوو بۆ سوپای ئەمریکا. هێگسێت ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا کەلێنی یاسایی هەیە و پاڵپشتییەکان لە ئاستی پێویستدا نین بۆ بردنەوەی جەنگەکە. لەم سۆنگەیەوە، ماوەی شەش مانگی دیاری کردووە بۆ ئەوەی هێزەکان یەکبخرێنەوە و پاڵپشتیی یاسایی تەواوەتیان بۆ دابین بکرێت.
روونی کردەوە، کە ئەم مۆڵەتە بۆ دروستکردنی پاساو نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ نەهێشتنی کەلێنەکان و دڵنیابوون لە سەرکەوتن.
وەزیری جەنگیی ئەمریکا فەرمانی بە سوپا کرد کە تەواوی ژێرخانی سەربازی بخەنە گەڕ و ئەوپەڕی هێزی خۆیان نیشان بدەن.
هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی توندی نهێنییە سەربازییەکان کردەوە و رایگەیاند: کە نابێت هیچ هەڵەیەک لە ئۆپەراسیۆنەکاندا رووبدات و دەبێت کاتە دیاریکراوەکان بە وردی لەبەرچاو بگیرێن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.