فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بۆ ترەمپ: وێنەی هێرشە مووشەکییەکانمان ببینە

(وێنە؛ ئەرشیف، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران)
(وێنە؛ ئەرشیف، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران)

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپی کردووە، داوای لێکردووە راستی وێنە و زانیارییەکانی هێرشە سەربازییەکانی ئێران ببینێت.

موسەوی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "کاک ترەمپ، فەرمان بە سەنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا) بکە زانیاری و وێنەی مانگی دەستکردی پێش و دوای هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێران بخاتە سەر مێزی کارت."

ئەم فەرماندەیەی سپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو وێنانە زیانەکانی هێرشەکان بۆ سەر چەند بنکەیەکی گرنگ دەردەخەن، لەوانە بنکەکانی: "زەفرە، عەلی سەلم، عیرفجان و بنکەی پێنجەم".

موسەوی لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەسفی ئەو وێنە و زانیارییانەی کردووە بەوەی کە "زۆر سەرنجڕاکێشن" و پێویستە ترەمپ وەک فەرماندەی گشتیی پێداچوونەوەیان بۆ بکات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئاستێکی باڵادایە و بەرپرسانی سەربازی ئێران جەخت لە توانا مووشەکی و بەرگرییەکانی خۆیان دەکەنەوە.