ئەمریکا 19 سەربازی برینداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەڵمانیا گواستەوە
بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد، کە سوپای وڵاتەکەیان 19سەربازی برینداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازیی لە ئەڵمانیا گواستووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتریش دەیان سەربازی دیکە بەهۆی هێرشەکانەوە گواسترابوونەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس نیوز)ـی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا گەشتێکی دیکەی ئاسمانیی تایبەت بە چۆڵکردن و گواستنەوەی سەربازیی ئەنجامداوە، و تێیدا نزیکەی 19 سەربازی برینداری گەیاندووەتە وڵاتی ئەڵمانیا.
بە پێی زانیارییەکان، فڕۆکە سەربازییەکە لە عەرەبستانی سعوودیەوە فڕیوە و پاشان لە وڵاتی عوممان نیشتووەتەوە، دواتریش بەرەو بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، کە دەکەوێتە نزیک نەخۆشخانەیەکی سەربازی، بە رێ کەوتووە.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە لە نێو ئەو سەربازانەی گواستراونەتەوە، دوو سەربازیان تێدایە کە بەهۆی تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بریندار ببوون.
پێشتریش سوپای ئەمریکا دەیان سەربازی برینداری گواستبووەوە کە لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەیەکی ئەمریکی لە کوەیت بریندار ببوون، کە بەهۆی ئەو هێرشەوە شەش کەس گیانیان لە دەستدابوو.
سەرچاوەکان بە (سی بی ئێس نیوز)ـیان راگەیاندووە، رۆژی سێشەممەی رابردوو، نزیکەی 20 سەربازی دیکە گەیشتبوونە سەنتەرێکی پزیشکی لە ئەڵمانیا.
سوپای ئەمریکاش باری تەندروستیی ئەو سەربازانەی بە "حاڵەتی بە پەلە و مەترسیدار" پۆلێن کردووە.