جەنگی ئێران ئابووری ئەڵمانیا دەخنکێنێت

وەزارەتی وزە و ئابووری ئەڵمانیا
وەزارەتی وزە و ئابووری ئەڵمانیا

جەنگی ئێران بووەتە هۆی پەکخستنی گەشەی ئابووری ئەڵمانیا و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە، شارەزایانیش هۆشداری لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی داخرانی گەرووی هورمز و پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن دەدەن.

لێکۆڵینەوەیەکی ئابووری کە رۆژنامەی "DW"ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کرد جەنگی ئێران رێگرە لە گەڕانەوەی گەشە بۆ ئابووری ئەڵمانیا. داخرانی گەرووی هورمز کە 20%ـی نەوت و گازی جیهان و 33%ـی بارهەڵگرەکانی پەینی پێدا تێپەڕ دەبێت، مەترسییەکی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دروست کردووە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە ، نزیکەی 30 کەشتی ئەڵمانی لە ناوەڕاستی ناوچەی جەنگ لە کەنداو گیریان خواردووە. ئەنجوومەنی خاوەن کەشتییەکانی ئەڵمانیا (VDR) رایگەیاندووە، ئەو کەشتیانە سەر بە زیاتر لە 10 کۆمپانیان و  ئێستا ناتوانن ناوچە مەترسیدارەکان بەجێبێڵن.

کۆمپانیای (هاباج لوید) کە گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی دەریاییە لە ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە کردووە، چەندین کەشتییان لە کەنداو و دەوروبەری پەکیان کەوتووە و ناتوانن بارەکانیان بگەیەنن، نێڵز هاوپت گوتەبێژی کۆمپانیاکەش دۆخەکە بە "قەیرانێکی چاوەڕواننەکراو" ناو دەبات.

لە لایەکی دیکەوە، پەیمانگای توێژینەوەی ئابووری ئەڵمانیا (DIW) پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری ئەڵمانیا لە ساڵی 2026 لە 1.3%ـەوە بۆ 1.0% کەم کردەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت رێژەی هەڵاوسان بۆ 2.4% بەرز ببێتەوە، کە ئەمەش زیاتر کاریگەری دەکاتە سەر ئەو هاووڵاتیانەی داهاتیان کەمە.

مارسێل فراتسشەر، سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی ئابووری ئەڵمانیا رایگەیاند؛ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز زیانی زۆر بەو پڕۆژانە دەگەیەنێت کە حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و بەرگری دەستی پێکردوون، چونکە ئەو کەرتانە پێویستیان بە وزەیەکی زۆر هەیە. شارەزایان دەڵێن هەر زیادبوونێکی 10% لە نرخی نەوت، دەبێتە هۆی دابەزینی گەشەی ئابووری بە رێژەی 0.2% بۆ 0.3%.