سعودیە تێکشکاندنی 38 درۆنی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا راگەیاند

وەزارەتی بەرگری سعودیە رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان توانیویانە 38 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بخەنە خوارەوە کە ئاراستەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی شانشینی سعودیە کرابوون.

وەزارەتی بەرگری سعودیە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ژمارە زۆرەی درۆنەکان لە ماوەیەکی کورتدا، "زیاترە لەو ئاستە ئاساییەی" کە پێشتر وەک هەڕەشەی ئاسمانی رووبەڕووی وڵاتەکە دەبووەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیە (واس)، تێکشکاندنی ئەم درۆنانە لە کاتێکدایە کە چەندین شوێنی ستراتیژیی سعودیە، لەوانە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز، دامەزراوەکانی ژێرخانی نەوتی و بنکەیەکی سەربازی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە، لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامدان.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە گرژی و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی جەنگی بەردەوام لەگەڵ ئێران زیادیان کردووە و سعودیە وەک ڕێوشوێنی خۆپارێزی ئاستی ئامادەباشی هێزەکانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە.