رۆیتەرز: کۆشکی سپی سێ بەرەی جیاوازی بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی ئێرانی لێکەوتووەتەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی شیکاریدا پەردە لەسەر ململانێیەکی توند و ئاڵۆزی ناو کۆشکی سپی هەڵدەداتەوە کە بووەتە هۆی ناجێگیری و گۆڕانکاری لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە جەنگی ئێران؛ راوێژکارەکانی ترەمپ دابەشی سەر سێ بەرەی جیاواز بوون و هەر یەکەیان دەیەوێت ئاراستەی شەڕەکە و کاتی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بە قازانجی دیدگای خۆی یەکلا بکاتەوە، ئەمەش سەرۆکی ئەمریکای خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی سیاسی و ئابووری.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرز کە پشت بە لێدوانی راوێژکارێکی نزیک لە ترەمپ و کەسانی ئاگادار لە ژووری بڕیاردان دەبەستێت، ئەو کێبڕکێیە ناوخۆییە مانۆڕێکی شاراوەی دروستکردووە کە وایکردووە لێدوانە گشتییەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاراستەی ململانێکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

ترەمپ کە ساڵی رابردوو بە بەڵێنی دوورکەوتنەوە لە دەستێوەردانی سەربازیی دەرەکی گەڕایەوە دەسەڵات، ئێستا نزیکەی دوو هەفتەیە وڵاتەکەی پەلکێشی جەنگێک کردووە کە بازاڕە داراییەکانی جیهانی هەژاندووە و بازرگانیی نێودەوڵەتیی نەوتی پەکخستووە. هەرچەندە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکان لە 28ی شوباتدا ئامانجی زۆر گەورەی دیاری کردبوو، بەڵام لەم رۆژانەی دواییدا تۆنی قسەکانی گۆڕیوە و جەنگەکە وەک هەڵمەتێکی سنووردار وەسف دەکات کە زۆربەی ئامانجەکانی پێکاوە.

ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستەکانی ترەمپ، دەرەنجامی دروستبوونی سێ بەرەی جیاوازە لە ناو ئیدارەکەیدا. بەرەی یەکەم کە پێکهاتووە لە راوێژکارە ئابوورییەکان، بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئابووری، شانبەشانی تیمی سیاسی بە سەرۆکایەتیی سوزی وایڵز، گەورە بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی و جەیمس بلێری جێگری. ئەم بەرەیە هۆشدارییەکی توند دەدەنە ترەمپ کە شۆکی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەتوانێت بە خێرایی ئەو پشتیوانییە ناوخۆییە لاوازەی بۆ جەنگەکە هەیە لەناو ببات. بۆیە داوا دەکەن ترەمپ پێناسەیەکی بەرتەسک بۆ سەرکەوتن بکات و ئاماژە بەوە بدات کە ئۆپەراسیۆنەکە سنووردارە و خەریکە کۆتایی دێت، تاوەکوو خۆی لە باجە سیاسییە قورسەکەی بپارێزێت.

لە بەرانبەردا، بەرەی دووەم کە لە دەنگە "هەڵۆکان" و توندڕەوەکانی وەک سیناتۆر لیندزی گراهام، تۆم کۆتۆن و شرۆڤەکار مارک لیڤین پێکدێن، بەردەوام فشار دەخەنە سەر سەرۆک بۆ هێشتنەوەی فشاری سەربازی لەسەر تاران. ئەوان پێداگری دەکەن کە دەبێت ئەمریکا بە توندی وەڵامی هێرشەکانی سەر هێزەکانی و کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بداتەوە و لە هەمان کاتیشدا رێگریی یەکجاری بکات لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

لەو لاشەوە، بەرەی سێیەم کە نوێنەرایەتی بنکە جەماوەرییە پۆپۆلیستەکەی ترەمپ دەکەن و لەلایەن کەسایەتییەکانی وەک ستیڤ بانن و تاکەر کارڵسۆنەوە سەرکردایەتی دەکرێن، هەم بە ئاشکرا و هەم بە نهێنی داوا دەکەن ئەمریکا پەلکێشی ناو جەنگێکی تری درێژخایەن نەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم فشارە دژبەیەکانە، راوێژکارەکەی ترەمپ نهێنییەکی سەرۆک ئاشکرا دەکات و بە رۆیتەرزی گوتووە: ترەمپ یاری بە هەموو کارتەکان دەکات؛ ئەو رێگە بە توندڕەوەکان دەدات وا بزانن هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت، دەیەوێت بازاڕەکانیش وا بڕوا بکەن کە جەنگەکە بەم زووانە کۆتایی دێت، و بنکە جەماوەرییەکەشی وا لێدەکات بڕوا بکەن کە گرژییەکان تەنیا سنووردار دەبن.

سەرەڕای دزەپێکردنی ئەم زانیارییانە، کۆشکی سپی بە فەرمی بوونی ململانێی لەو شێوەیە رەت دەکاتەوە. لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسەکەدا، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: ئەم چیرۆکە تەنیا لەسەر بنەمای قسەوقسەڵۆک و پێشبینیی سەرچاوە نەناسراوەکانە کە تەنانەت لە ژووری هیچ کام لە گفتوگۆکانی سەرۆک ترەمپدا بوونیان نییە."

لێڤت جەختی لەوەش کردەوە کە سەرۆک ترەمپ بەوە ناسراوە کە گوێگرێکی باشە و داوای رای زۆر کەس دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا هەمووان دەزانن کە تەنیا خۆی بڕیاردەری یەکلاکەرەوەیە و باشترین گەیەنەری پەیامەکانی خۆیەتی.