ناتۆ سێیەم مووشەکی ئێرانی لە ئاسمانی تورکیا تێکشکاند
ئەردۆغان: رێگە نادەین تورکیا رابکێشرێتە نێو جەنگ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە پاراستنی وڵاتەکەی لەو "ئاگری جەنگەی" ناوچەکەی گرتووەتەوە کاری لە پێشینەی ئەوانە. ئەم لێدوانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە سیستەمی بەرگری ناتۆ سێیەم مووشەکی بالیستیکی ئێرانی لە ئاسمانی تورکیادا تێکشکاند.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کرد کە مووشەکێکی بالیستیکی ئێرانی کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانی "ئینجیرلیک" لە شاری ئەدەنا کرابوو، لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناتۆوە پوچەڵکراوەتەوە. ئەمە سێیەمین ڕووداوی تێکشکاندنی موشەکی ئێرانییە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا؛ یەکەمین موشەک لە 4ی ئازار و دووەمیان لە دووشەممەی رابردوو تێکشکێنران.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو "تەڵە و پیلان و ئیستفزازیانە" دەکات کە ئامانجیان راکێشانی تورکیایە بۆ نێو جەنگ. ئەردۆغان گوتی: "دوورخستنەوەی وڵاتەکەمان لەم کوورەی ئاگرە کاری هەرە لەپێشینەمانە." هەروەها هۆشداری توندی دا لە بەرانبەر وروژاندنی فیتنەی مەزهەبی و نەتەوەیی کە هاوکات لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر ئێران پەرەی پێدەدرێت.
سەرەڕای ئەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەنقەرە رەتی کردەوە هیچ موشەکێکیان ئاراستەی تورکیا کردبێت، بەڵام شارەزایانی سەربازی، لەوانە "سینان ئولجن" لە ناوەندی کارنیگی، پێیان وایە سێبارەبوونەوەی ئەم رووداوە ناتوانێت رێکەوت بێت. ئولجن ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا پێویستی بەوەیە بە شێوەیەک وەڵام بداتەوە کە ببێتە هۆی دروستکردنی بەرپەرچدانەوە بەرانبەر ئێران تا دۆخەکە زیاتر تەشەنە نەکات.
لە کاردانەوەی ئەم ئاڵۆزییانەدا، ئەمریکا کونسوڵخانەکەی لە شاری ئەدەنا داخست و داوای لە هاووڵاتییانی کرد باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا چۆڵ بکەن. لە لایەکی ترەوە، تورکیا جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری پاتریۆتی لە شاری مەلاتیە راگەیاند، کە هەمان ئەو شوێنەیە راداری کورەجی"ی ناتۆی لێیە و ئەرکی دەستنیشانکردنی مووشەکە ئێرانییەکانی لەسەرە.
بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک کە موشەکەکە ئاراستەی کرابوو، یەکێکە لە گرنگترین بنکەکانی ناتۆ و هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە. بەپێی راپۆرتی شارەزایان، ئەم بنکەیە نزیکەی 50 بۆ 60 چەکی ئەتۆمی تەکتیکی ئەمریکای تێدا کۆگاکراوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە شوێنێکی ستراتیژی و هەستیار لە ململانێی ئێستای ناوچەکەدا.