ترەمپ باری لەناکاوی لە واشنتن پەسەند کرد

هێزە ئەمنییەکان هۆشدارییان داوە
چاد وۆڵف و دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە واشنتن، وێنە: BRENDAN SMIALOWSKI / AFP
چاد وۆڵف و دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە واشنتن، وێنە: BRENDAN SMIALOWSKI / AFP

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی درەنگانی شەوی رابردوو، ئاشکرای کرد دۆناڵد ترەمپ راگەیاندنی باری لەناکاوی لە واشنتن پەسەند کرد، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هۆشدارییان دا لەوەی مەترسی لەسەر مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، جۆو بایدن هەیە.

بەپێی ئەو فەرمانەی دۆناڵد ترەمپ، هێزە فیدراڵییەکانی ئەمەریکا لە 11 بۆ 24ـی ئەم مانگە لە واشنتن لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر رووداوێکی لەناکاو.

ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە 6-1-2021 لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ، لەکاتێکدا کۆنگرێس لەکۆبوونەوە بوو بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لەئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگری ترەمپ و هێزە ئەمنییەکان روویدا و، بەگشتی لەو رووداوانەی ئەو رۆژەی واشنتن پێنج کەس کوژران.

هەر دوێنێ، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) هۆشداریدا لە خۆپیشاندان بە چەکەوە لە هەر 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا لە رۆژی سوێندخواردنی جۆو بایدن.

هەرچەندە لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک، رێوشوێنی ئەمنی تووند دەگیرێنەبەر، بەڵام ئەمساڵ رێوشوێنەکان زۆر توندترن. مۆرێل باوسەر، شارەداری واشنتن لە نامەیەکدا لە ماوەی پشووی ئەم هەفتەیە داوای کردبوو بەهۆی رووداوەکانی شەشی مانگی باڵەخانەی کاپیتۆڵ، لە رۆژی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، رەوشی ئەمنی تووندتر بکرێت.