ترەمپ: پلانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێوبردنی ئیسرائیل شکستی هێنا
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا رایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پلانی داگیرکردنی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو پلانە هاوشێوەی خودی ئێران شکستی هێناوە و لەنێو چووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: ئێران پلانی ئەوەی هەبوو دەست بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، هەروەها دەیویست بە تەواوی ئیسرائیل لەنێو ببات و بیسڕێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەخت لە کۆتاییهاتنی یەکجاریی ئەو مەترسییانە دەکاتەوە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەڵێت: "رێک هاوشێوەی خودی ئێران، ئێستا ئەو پلانانەش شکستیان هێناوە و کۆتاییان هاتووە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.