عێراقچی: ههر هێرشێك بكرێته سهر دامهزراوهكانی وزه، هێزهكانمان وهڵامیان دهبێت
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: کە هێزەکانیان بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی. هاوکات ئاشکرای کرد کە گەرووی ستراتیژیی هورمز بە رووی کەشتیی وڵاتە نەیارەکاندا داخراوە و، پەنجەی تۆمەتیشی بۆ چەند وڵاتێکی دراوسێ درێژ کرد کە خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێنراوە.
شەممە، 14ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کرد و گوتی: "هێزەکانمان وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران، ئەگەر بێتو دامەزراوەکانمان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە، ئەوا هێزەکانمان دامەزراوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکە یان ئەو دامەزراوانەی ئەمریکا پشکی تێیاندا هەیە، دەکەنە ئامانج."
سەبارەت بەو هێرشەی کە کرایە سەر دوورگەی نەوتیی خارگ، وەزیری دەرەوەی ئێران روونکردنەوەی دا و گوتی: "هێرشەکەی سەر خارگ لە خاکی دراوسێکانمانەوە ئەنجام دراوە، هەروەها ئەمریکییەکان لە وڵاتانی دراوسێوە مووشەک دەهاوێژن."
هاوکات لە بارەی گرووی هورمز جەختی لەوە کردەوە، کە گەرووەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام بە رووی کەشتییەکانی ئەمریکا و وڵاتە نەیارەکان بە تەواوی داخراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.