عێراق.. رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بەرزبووەتەوە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری فەرمیی لەبارەی ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و کەیسەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە پارێزگاکانی عێراق بۆ مانگی شوباتی 2026 بڵاوکردەوە.
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە مانگی شوباتی رابردوودا، کۆی گشتی 28 هەزار و 479 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون، هەروەها شەش هەزار و 151 کەیسی جیابوونەوەش لە دادگاکاندا تۆمارکراوە.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە بەغدا لە بەری رەسافە تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە چوار هەزار و 86 حاڵەت، دوای ئەو بەری کەرخ دێت بە سێ هەزار و 447 حاڵەت، و پارێزگای نەینەواش بە دوو هەزار و 968 حاڵەت لە پلەی سێیەمدا دێت.
هەروەها کەمترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە کە تەنیا 666 حاڵەت بووە.
لە ئامارەکەدا هاتووە، زۆرترین رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە بەری رەسافەی بەغدا تۆمارکراوە کە هەزار و 331 حاڵەت، بەدوای ئەودا بەری کەرخ بە هەزار و 94 حاڵەت و پاشان پارێزگای بەسرە بە 539 حاڵەت لە پلەی سێیەمدایە، هەروەها کەمترین حاڵەتی جیابوونەوەش لە پارێزگای واست تۆمارکراوە کە تەنیا 102 حاڵەت بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری مانگی کانوونی دووەمی 2026ـی بڵاوکردبوویەوە، کە لە دادگاکانی عێراق 27 هەزار و 256 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون، لە بەرامبەردا پێنج هەزار و 999 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، واتە نزیکەی شەش هەزار خێزان جیابوونەتەوە.