ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: زیاتر لە 387 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ دەخرێتە بازاڕەوە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بە مەبەستی سەقامگیریی بازاڕەکان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی گرژییەکانی گەرووی هورمزەوە، بڕیاری دا سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژی بخاتە بازاڕەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بەمزووانە نەوت لە یەدەگی فریاگوزاریی وڵاتانی ئەندامەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردن و هێورکردنەوەی بازاڕەکان.

هاوکات ئاشکرا کرد، بە پێی ئەوەی حکوومەتەکان پابەند دەبن بە دابینکردنی 271.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکانیانەوە، سەرباری پابەندبوونی حکوومەتەکان بە دابینکردنی 116.6 ملیۆن بەرمیلی دیکە لە یەدەگی پیشەسازی.

ئاژانسەکە روونی کردووەتەوە، کە تێپەڕبوونی ئەم بڕە نەوتە بە چەند قۆناغێکدا دەبێت؛ یەدەگەکانی وڵاتانی ئاسیا دەستبەجێ بەردەست دەبن، لە کاتێکدا یەدەگەکانی ئەوروپا و کیشوەری ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا (ئادار) دەخرێنە بازاڕەوە.

بە پێی دابەشبوونی جوگرافیی یەدەگە بڕیارلەسەردراوەکان، وڵاتانی ئەندام لە کیشوەری ئەمریکا گەورەترین پشک دابین دەکەن کە بریتییە لە 172.2 ملیۆن بەرمیل نەوت.

سەبارەت بە جۆری دابینکردنەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژەی بەوە کردووە کە 72%ـی ئەو بڕەی پلان بۆ خستنەڕووی دانراوە لە جۆری نەوتی خاو دەبێت، لە کاتێکدا بەرهەمە نەوتییەکان رێژەی 28%ـی ماوە پێکدەهێنن.

ئەم ڕێکارە نائاساییە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا دێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر کەمبوونییەکی پێشبینیکراو لە دابینکردندا و گەرەنتیکردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا.

گەرووی هورمز کە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتەوە، گرژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. 

لە 2ـی ئاداردا بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان دابوو لە داخستنی گەرووەکە، بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە 5ـی ئاداردا روونی کردبووەوە، کە گەرووەکە بە فەرمی ناداخەن، بەڵام کەشتییەکان لە ترسی پێکدادانەکان خۆیان لە تێپەڕبوون بەو ناوچەیەدا دەپارێزن.

ئەم جەنگەی ناوچەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت، بە جۆرێک لە هەندێک کاتدا نرخی بەرمیلێک نەوت 119 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش لە ناوەڕاستی ئەو ترسەی کە لە تێکچوونی دابینکردنی نەوت لەو گەرووە ستراتیژییەوە دروست بووە.