ترەمپ: ئێران دەیەوێت دانوستان بکات، بەڵام هێشتا بۆ رێککەوتن ئامادە نییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند, گومانی هەیە لە توانای ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ ئێران، چونکە بە گوتەی ئەو "کەس نازانێت مامەڵە لەگەڵ کێ دەکات، بەوپێیەی زۆربەی سەرکردەکانیان کوژراون." ترەمپ داواشی لە هاوپەیمانی ناتۆ کرد وەک پاداشتی هاوکارییەکانی ئەمریکا، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز بگرنە ئەستۆ.

دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان "بە پەرۆشەوە دەیانەوێت دانوستان بکەن"، بەڵام پێی وانییە هێشتا ئامادە بن. ترەمپ گوتی: "کێشەکە ئەوەیە کەس نازانێت لایەنی بەرانبەر کێیە بۆ مامەڵەکردن، چونکە زۆربەی سەرکردایەتییەکەیان لەناوچوون."

ترەمپ رایگەیاند کە خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ چەندین وڵات بۆ "چاودێریکردن و پاراستنی گەرووەی هورمز. ئەو رەخنەی لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناتۆ گرت و گوتی: واشنتن هەمیشە لەپشت ناتۆ بووە و یارمەتییەکی زۆری ئۆکرانیای داوە، بۆیە چاوەڕوان دەکات ئەوانیش هاوکاری بن.

ترەمپ گوتی: "جێگەی سەرنج دەبێت بزانین چ وڵاتێک ئامادە نییە لەم ئەرکە زۆر بچووکەدا هاوکاریمان بکات، کە تەنیا پاراستنی کراوەیی گەرووی هورمزە.، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمریکا تەنیا 1% بۆ 2%ـی نەوتەکەی لەوێوە بۆ دێت، لە کاتێکدا وڵاتێکی وەک چین 90%ـی نەوتەکەی لەو گەرووەوە دابین دەکات.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشکرای کرد ئێستا لەگەڵ 7 وڵات سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ هەماهەنگی لەسەر پرسی گەرووی هورمز.

ترەمپ جەختی کردەوە کە هێزی سەربازی ئێرانیان لەنێو بردووە؛ گوتی: "ئێمە هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەوانمان تیکشکاندووە. توانای بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆنەکانیان بۆ خوار 20% دابەزیوە." ئەو ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بە یەکێک لە بەهێزترین ئۆپەراسیۆنەکان لە جیهاندا وەسف کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر هێرشی کردەوە سەر ئێران و میدیاکانی ئەمریکا و گوتی: "ڤیدیۆی بەلەمە کامیکازییەکانی ئێران بە ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراون." ئەو میدیاکانی ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە زانیارییەک بڵاودەکەنەوە کە دەزانن ساختەیە، ئەمەشی بە "کارێکی زۆر مەترسیدار بۆ سەر وڵات" وەسف کرد.