ژاپۆن داواکەی ترەمپ بۆ ناردنی کەشتی جەنگی بۆ گەرووی هورمز رەتدەکاتەوە
حکوومەتی ژاپۆن ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند؛ هیچ نیازێکی نییە بەشداری لە هیچ ئۆپراسیۆنێکی ئاسایشی دەریاییدا بکات لە گەرووی هورمز.
شینجیرۆ کۆیزومی، وەزیری بەرگریی ژاپۆن لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای ئێران، ئێمە هیچ نیازێکمان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی دەریایی نییە."
ئەم هەڵوێستەی ژاپۆن وەک وەڵامێکە بۆ داواکارییەکەی رۆژی شەممەی دۆناڵد ترەمپ، کە داوای لە چەند وڵاتێک کردبوو هێزەکانیان رەوانە بکەن، دوای ئەوەی رایگەیاندبوو؛ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا زۆر بەم زووانە دەست دەکەن بە یاوەریکردنی تانکەرە نەوتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەلایەکی دیکەوە، سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ئاماژەی بەوە کرد، ناردنی هەر هێزێکی دەریایی بۆ دەرەوەی وڵات لە رووی یاساییەوە کارێکی زۆر قورسە.
ناردنی هێزی ژاپۆن بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بابەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر هەستیارە لەو وڵاتەدا. بەشێکی زۆری دەنگدەرانی ژاپۆن پابەندن بە دەستووری ساڵی 1947، کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێندرا و تێیدا ژاپۆن وەک وڵاتێکی ئاشتیخواز دەردەکەوێت و مافی بەرپاکردنی جەنگی لێ سەندراوەتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، تاکایۆکی کۆبایاشی، بەرپرسی ستراتیژی سیاسی لە پارتی لیبراڵ دیموکراتی دەسەڵاتدار، رایگەیاند؛ بەربەستە یاسایی و سیاسییەکان لەبەردەم تۆکیۆ زۆر گەورەن بۆ ئەوەی بتوانێت کەشتی جەنگی بۆ ئەو ناوچەیە رەوانە بکات.
ئەم بڕیارەی تۆکیۆ دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی هاوپەیمان و چین کردبوو کەشتی جەنگی رەوانەی ناوچەکە بکەن بۆ پاراستنی هەناردەی نەوت.