20 دەریاوانی تایلەندی دوای هێرشەکەی گەرووی هورمز گەڕانەوە و چارەنووسی سێ کەسی دیکەش نادیارە
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، 20 ئەندامانی کەشتییەکی بارهەڵگری تایلەندی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز رووبەڕووی هێرش ببووەوە، گەیشتنەوە وڵاتەکەیان.
کەشتیی "مایوری ناری" (Mayury Naree) کە بە ئاڵای تایلەندەوە دەجووڵایەوە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو دوای بەجێهێشتنی بەندەرێکی دەوڵەتی ئیمارات، لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا بە دوو مووشەک هێرشی کرایە سەر. دوای رووداوەکە، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند؛ بەهۆی "پشتگوێخستنی ئاگادارکردنەوەکان" کەشتییەکەیان کردووەتە ئامانج.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 20 دەریاوانەکە گەیشتنە فڕۆکەخانەی سەرەکی بانکۆک و دەستبەجێ لەلایەن بەرپرسانی حکوومییەوە گواسترانەوە، بەبێ ئەوەی رێگە بدرێت لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدەن.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، هاوسەری یەکێک لە دەریاوانە گەڕاوەکان گوتی: "هەموومان ترساوین، بەڵام ئەوان فەرمانبەرن؛ ئەگەر رەتیبکەنەوە بچنە ناو دەریا، مووچەیان پێنادرێت." هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: "کۆمپانیاکە هیچ زانیارییەکی پێنەداوین کە کەی دەگەڕێنەوە ماڵەوە."
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای "پریشس شیپینگ" (Precious Shipping) کە خاوەنی کەشتییەکەیە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ "پشتیوانی تەواوی تیمەکە دەکەن، لەوانە پشکنینی پزیشکی و هەڵسەنگاندنی باری دەروونییان." کۆمپانیاکە جەختی کردەوە ئێستا لەپێشینەترین کاریان دۆزینەوەی ئەو سێ ئەندامەی تیمەکەیە کە پێدەچێت لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکەدا گیریان خواردبێت و بێسەروشوێن بن.
هاوکات ماراتی ئەندامۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایلەند رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای هاوکاریی لە دوو دەوڵەتی دیکە کردووە بۆ رزگارکردنی ئەو سێ دەریاوانەی کە هێشتا لەناو کەشتییەکەدا ماونەتەوە.
جێی ئاماژەیە، هەفتەی رابردوو هێزی دەریایی تایلەند رایگەیاندبوو؛ هێزی دەریایی عومان توانیویانە 20 دەریاوانەکە لە رۆژی هێرشەکەدا رزگار بکەن.