ئیسرائیل: سەدان ئامانجمان لە ناو جەرگەی ئێران بۆردومان کرد
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پلان و سەدان ئامانجی ئامادەکراویان هەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، هاوکات جەختیان لە بەردەوامی هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی سەربازی ئەو وڵاتە کردەوە.
لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 ئامانجیان لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران بۆردو،ان کردووە. ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشەکان بە دیاریکراوی سیستەمە مووشەکییە بالیستییەکان و تۆڕەکانی بەرگریی ئاسمانییان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپا، ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون بریتین، بارەگاکانی جێگیربوونی سەربازانی سوپای ئێران، سیستەمە بەرگرییەکان هەروەها بنکەکانی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی چەک و تەقەمەنی.
لەلایەکی دیکەوە، جەدعۆن ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە، باس لەوە دەکەن ئیسرائیل رووبەڕووی کەمیی مووشەکی بەرگریی بووەتەوە. ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات کە پێگەی "سیمافۆر"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە، بەدەست کەمیی مووشەکی بەرگرییەوە گرفتارە.
ساعیر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو راپۆرتە و هەروەها دەنگۆی ئامادەیی ئیسرائیل بۆ وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ لوبنان، بە کورتی گوتی: "نەخێر، هەردوو هەواڵەکە دوورن لە راستییەوە."
پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لە زانکۆی تەلئەڤیڤ بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکان لە 28ـی شوباتەوە، ئێران نزیکەی 300 مووشەکی بالیستی و سەدان درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت؛ نیوەی ئەو مووشەکانەی ئێران تەقاندوونی، کڵاوەی "تەقەمەنی هێشوویی"یان پێوە بووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی ئەو مووشەکانەی رۆژانە لە لایەن ئێران و هاوپەیمانەکانییەوە دەتەقێنرێن، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.