فوئاد حوسێن: ههناردهی نهوتی عێراق لە کەنداو رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات لە دۆخی هەناردەکردنی وزەی وڵاتەکەی و ڕایدەگەیەنێت، بەربەستی جددی لەبەردەم گواستنەوەی نەوت لە کەنداو دروست بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "ئیڤێت کووپەر" وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، تاوتوێی گرژییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگیان لەسەر عێراق و وڵاتانی دراوسێ کردووە.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە داوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو پەیوەندییەدا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ گەلی عێراق دووپاتکردووەتەوە لە بەرانبەر ئەو ئاڵنگاریی و هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکەکەی و سیاسەتی بەریتانیا لەسەر بنەمای دەستوەرنەدانی راستەوخۆیە لە جەنگ، بەڵام پێیوایە ئەرکی بەریتانیایە لەپاڵ هاوپەیمان و دۆستەکانیدا بوەستێت و پارێزگاری لە هاووڵاتییانی خۆی و ئەو کەسانە بکات کە لە وڵاتانی ناوچەکەدان.
لای خۆیەوە، فوئاد حسێن جەختی لە پێویستی راگرتنی هەموو هێرشەکان کردەوە، چ دەرەکی بن یان ناوخۆیی و بەردەوامیی جەنگ بووەتە کارێکی بێ ئامانجی روون و پەرەسەندنی دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا، چونکە گۆڕەپانی ململانێکان چیتر تەنیا لە یەک یان دوو وڵاتدا قەتیس نەماوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: بەردەوامیی جەنگ دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی جۆراوجۆری ئەمنی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەروەها دەبێتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، کە ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئابووری جیهان و بەریتانیاش وعێراق بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە گەرووی هورمز، رووبەرووی سەختییەکی زۆر دەبێتەوە لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کەنداوەوە.