ئاکسیۆس: لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا و ئێران پەیوەندیی راستەوخۆیان ئەنجامداوە
ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، بۆ یەکەمجار لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە زیاتر لە دوو هەفتەی رابردوودا، پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە ململانێکان هەبووە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی بۆ رێککەوتن دەردەبڕێت، بەڵام گومان لە ناسنامە و دەسەڵاتی سەرکردە و بڕیار بە دەستانی ئێستای ئێران دەکات.
دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتەکەی ئاکسیۆس کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستووە، لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەستیپێکردووەتەوە. هەرچەندە روون نییە کە ئاستی گرنگی و قووڵیی نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان عێراقچی و ویتکۆف تا چەند بووە، بەڵام ئەمە بە یەکەمین پەیوەندیی راستەوخۆی زانراوی نێوان هەردوو لایەن دادەنرێت لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە عێراقچی لە رێگەی کورتەنامەوە پەیوەندی بە ویتکۆفەوە کردووە و سەرنجی خستووەتە سەر پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەڕی درۆپ سایت نیوز بڵاوی کردبووەوە کە گوایە عێراقچی وەڵامی نامەکانی نێردەی کۆشکی سپی ناداتەوە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی راگەیاندووە کە لە راستیدا وەزیری دەرەوەی ئێران خۆی هەوڵی گفتوگۆی داوە، هەرچەندە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران قسە ناکات.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئێران پەیوەندی بە ئەمریکاوە کردووە، بەڵام گوتی کە روون نییە ئایا ئەو بەرپرسە ئێرانیانە دەسەڵاتی ئەنجامدانی رێککەوتنیان هەیە یان نا.
ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، ئێمە کەسانێکمان هەیە کە دەیانەوێت دانوستان بکەن، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکمان نییە کە ئەوانە کێن." سەرەڕای گومانەکانیشی، ترەمپ رایگەیاند کە دژی گفتوگۆ نییە لەگەڵ ئێرانییەکان چونکە "هەندێک جار ئەنجامی باشی لێ دەکەوێتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانەوە، دیار نییە کێ لە ئێران بڕیار دەدات، تەنانەت موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران دەرنەکەوتووە و لەوانەیە کوژرابێت.
لە پەراوێزی ئەم پێشهاتانەدا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا داواکارییەکانی ئێرانی بۆ وەرگرتنی قەرەبوو وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی رەت کردەوە، بەڵام گوتی ترەمپ ئامادەیە بۆ رێککەوتنێک کە رێگە بە ئێران بدات "تێکەڵ بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت و لە رێگەی نەوتەکەیەوە داهات بەدەست بهێنێت." بەرپرسەکە جەختی لەوەش کردەوە کە ترەمپ "لە پێگەی لاوازییەوە دانوستان ناکات و پاشەکشە ناکات لەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی هەڵگیرسانی ئەم ململانێیە."
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ئێران لە چەند رۆژی ڕابردوودا بە ئاشکرا رەتیان کردووەتەوە کە هیچ دانوستانێکی ئاگربەست لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بکەن. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە تاران ئارەزووی ئاگربەستێکی کاتی ناکات کە دەرفەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل بدات خۆیان رێکبخەنەوە و دووبارە هێرش بکەن، بەڵکوو گەرەنتییەکیان بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەوێت.
ئەکسیۆس دەشڵێت: "لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وا نییە ئێستا عێراقچی دەسەڵاتی تەواوی بڕیاردانی هەبێت، بەڵام پێدەچێت هەماهەنگی لەگەڵ عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بکات، کە لە دوای کوژرانی عەلی خامنەییەوە بووەتە رێبەری دیفاکتۆی وڵاتەکە. ئەمریکا ئێستا عێراقچی وەک باشترین کەسی پەیوەندیکار دەبینێت، چونکە پێشتر مامەڵەیان لەگەڵیدا کردووە".