ترەمپ بۆ کۆنگرێس: جەنگی ئێران کۆتایی هاتووە

سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی یاسادانەرانی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە کە جەنگی ئێران "کۆتایی هاتووە"، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی ئەو ململانێیە یاساییەی کە دەڵێت دەبێت کۆنگرێس ڕەزامەندی لەسەر بەردەوامی جەنگ بدات دوای تێپەڕبوونی 60 رۆژ.

هەینی 1ـی ئایاری 2026، بەپێی نامەیەکی کۆشکی سپی کە دەست "پۆلیتیکۆ" کەوتووە، ئیدارەی ترەمپ پاساو بۆ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان دەهێنێتەوە لە کاتێکدا ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوونەتە وادەی یاسایی 60 رۆژە. بەپێی یاسای "بڕیاری دەسەڵاتەکانی جەنگ"ی ساڵی 1973، دەبێت چالاکییە سەربازییەکان رابگیرێن مەگەر کۆنگرێس مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز بدات. ترەمپ لە نامەکەیدا دەڵێت ئاگربەست لەگەڵ تاران بە شێوەیەکی کاریگەر کاتژمێرە یاساییەکە ڕادەگرێت.

ئەم هەنگاوەی ترەمپ بۆ رێگریکردنە لەو شەڕە سیاسییەی کە لە کۆنگرێس دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا ترەمپ رووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی پشتگیری کۆمارییەکان بووەتەوە بەهۆی ئەوەی جەنگەکە چووەتە مانگی دووەم و هیچ ستراتیژییەکی روونی چوونە دەرەوەی نییە. دیموکراتەکان و هەندێک لە کۆمارییەکان دەڵێن دەبێت ئیدارەکە هەڵمەتە سەربازییەکە کەم بکاتەوە چونکە گەیشتووەتە وادەی دیاریکراو.

ترەمپ لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "لە دوای 7ی نیسانی 2026ەوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی تەقە لە نێوان ئەمریکا و ئێران رووی نەداوە، ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتی 2026 دەستیان پێکردبوو، کۆتایی هاتووە." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئاگربەستەی کە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکراوەتەوە.

ئەم نامەیە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان چەقیون و گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە. ترەمپ پێش بەڕێکەوتنی بۆ فلۆریدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە "پێشنیازێکی کۆتایی" داوەتە ئێران، بەڵام گەشبین نییە بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتە "پەرتەوازەکەی" تاران. گوتیشی: "دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام من لێیان رازی نیم."

پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرێس بەرگری لەم تێڕوانینە یاساییە کرد و بە سیناتۆرەکانی راگەیاند ئاگربەست واتە "کاتە 60 رۆژییەکە دەوەستێت یان پاشەکشە دەکات."

بۆ یەکەمجار پشتگیری یەکدەنگی کۆمارییەکان بۆ ترەمپ تێکشکا، کاتێک سیناتۆر سۆزان کۆلینز دەنگەکەی گۆڕی و رایگەیاند: "ئەو وادە یاساییە تەنیا پێشنیاز نییە، بەڵکوو مەرجێکی پێویستە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پشتگیری جەماوەری و سیاسی بۆ جەنگەکە روو لە کەمییە.

ترەمپ هێرشی کردە سەر ئەو یاسادانەرانەی داوای رەزامەندی کۆنگرێس دەکەن و گوتی: "ئەوەی ئەوان داوای دەکەن نادەستوورییە، ئەمانە خەڵکێکی نیشتمانپەروەر نین." ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکەکانی پێشتریش ئەم وادەیەیان بە نادەستووری زانیوە و پێشێڵیان کردووە.

داکۆکیکاران لە یاسای 1973 دەڵێن ترەمپ بە هەڵە لە یاساکە تێگەیشتووە. ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئاگربەست، سوپای ئەمریکا هێشتا لە گەمارۆدانی دەریایی بەردەوامە و نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکیش لە ناوچەکە ماونەتەوە. بەرپرسانی پنتاگۆنیش دەڵێن هێزەکان لە ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا.

سیناتۆر تیم کەین دیموکراتەکانیش رایگەیاند، بیرۆکەی راگەیاندنی کۆتایی جەنگ بەبێ کشانەوەی هێزەکان "کارێکی هەڵەیە" و داوای لە کۆمارییەکان کرد پێکەوە لەگەڵ دیموکراتەکان ئیدارەی ترەمپ بەرپرسیار بکەن لە پێشێلکردنی دەستوور و گوێ لە دەنگدەرەکانیان بگرن کە نایانەوێت منداڵەکانیان ژیانیان بخەنە مەترسییەوە لە جەنگێکی بێزارکەردا.