گەلی عەلی بەگ.. ئۆتۆمبێلێک کەوتە نێو رووبار و سێ منداڵ بێسەروشوێنن

لە رووداوێکدا لە ناوچەی گەلی عەلی بەگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج سەرنشینی تێدابوو کەوتە نێو رووبارەوە. لە کاتێکدا ئافرەت و پیاوێک لە نێو ئۆتۆمبێڵەکە پەڕیوون، سێ منداڵیان بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئۆتۆمبێلەکە پێنج سەرنشینی تێدابووە و ئافرەتەکە و پیاوەکە لە کاتی رووداوەکەدا لە ئۆتۆمبێلەکە پەڕیوون و سەلامەتن.

لەوبارەوە، رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بەداخەوە، سێ منداڵی خێزانەکە کە تەمەنیان (8، 14 و 17) ساڵە، کەوتوونەتە نێو رووبارەکە و ئاو بردوونی، تا ئێستاش شوێنەواریان دیار نییە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران جەختی کردەوە، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و گەڕانێکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو سێ منداڵە دەستی پێکردووە و تیمەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.

شایتحاڵێک لە شوێنی ڕووداوەکە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 9:40 خولەکی ئەمشەو ڕوویداوە. ئۆتۆمبێلەکە پێنج سەرنشینی تێدابووە کە خەڵکی خەلیفانن؛ سەرنشینەکان پێکهاتبوون لە پیاوێک بە ناوی (ئوسامە موتەڵیب) و ژنێک (پووری ئوسامە) و سێ منداڵ، کە یەکێک لە منداڵەکان کچە.