ترەمپ: جەنگەکە بەم زووانە کۆتایی دێت و جیهان ئارامتر دەبێت
سەرۆکی ئەمریکا، سەرنجی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزی سەربازی ئەمریکا. ترەمپ جەختی کردەوە کە سیاسەتەکانی ئەو رێگرییان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی ئەتۆمی کردووە و هۆشداری دا کە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، جیهان بەرەو وێرانکارییەکی گەورە دەبات.
دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە قسەکانیدا لە کۆشکی سپی، قسەی بۆ رۆژنامەنووسانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا توانیویەتی تەواوی هێزی دەریایی و درۆنەکانی ئێران لە گەرووی هورمز تێکبشکێنێت. گوتیشی: ئەگەر ئێمە ئەم کارانەمان نەکردایە، ئێستا جەنگێکی ئەتۆمیتان دەبینی کە دەبووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی. ترەمپ هۆشداری دا کە ئێران ئەگەر چەکی ئەتۆمی دەستبکەوێت، لە ماوەی یەک کاتژمێر یان یەک رۆژدا بەکاری دەهێنێت و تەواوی ناوچەکە وێران دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە کۆتاییهاتنی جەنگ رایگەیاند کە پڕۆسەکە کاتی زۆری پێ ناچێت و بەم زووانە هەموو شتێک تەواو دەبێت. لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگ لەم هەفتەیەدا، گوتی: "پێناچێت بەم هەفتەیە بێت، بەڵام زۆری نەماوە. کاتێک ئەم جەنگە کۆتایی دێت، جیهانێکی زۆر ئارامترمان دەبێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و رایگەیاند کە ئێران خاوەنی 22 کەشتیی مینڕێژکەر بووە و هەموویان ژێرئاو خراون، هەرچەندە پێش چوار رۆژ ئاماژەی بە 31 کەشتی کردبوو.
ترەمپ جارێکی تر رەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ گرت و گوتی: "ئێمە ترلیۆن دۆلار بۆ پاراستنی وڵاتانی دیکە خەرج دەکەین، بەڵام کاتێک کاتی ئەوە بێت ئەوان بەرگری لە ئێمە بکەن، لەوێ نین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی وەک چین و ژاپۆن پێویستە سوپاسی ئەمریکا بکەن، چونکە ئەمریکا ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکانیان دەپارێزێت کە 90%ـی پێداویستییەکانیانی پێدا تێدەپەڕێت.
باسی لە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لە ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئەڵمانیا و رەخنەی لە هاوپەیمانەکانی گرت کە ئامادە نین لە ئەرکە سەربازییەکاندا وەک پاککردنەوەی مین بەشدارییەکی کارا بکەن.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ترەمپ مۆدێلێکی فڕۆکەی جەنگیی (B-2 Stealth Bomber) نیشاندا و بە "تاکە فڕۆکە" وەسفی کرد کە توانای هەڵگرتنی 200 هەزار پاوەند بۆمبی هەیە. گوتیشی کە جیهان دوای تەواوبوونی ئەم ململانێیانە دەبێتە شوێنێکی ئارامتر.
ترەمپ بارودۆخی ئێستای جیهانی بە یارییەکی شەترەنجی گەورە لە ئاستێکی زۆر بەرز وەسف کرد و گوتی کە ئەو مامەڵە لەگەڵ کەسانی زۆر زیرەک و خاوەن ئای کیوی بەرز دەکات. هەروەها باسی لە مەترسی جەنگە ئایینییەکان کرد و رایگەیاند کە ئەوەی ئەوان ئەنجامیان داوە کارێکی مەزن بووە بۆ رێگری لە کارەسات.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە گەشتەکەی بۆ چین نزیکەی مانگێک دوا خستووە بەهۆی بارودۆخی شەڕ و پێویستیی بوونی لە واشنتن، بەڵام جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چین هەیە.