ئێن بی سی نیووز: ترەمپ بڕیاری لەسەر یەکلاییکردنەوەی جەنگ نەداوە
لە کاتێکدا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە دەسێنن و ئێران کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا دەهێڵێتەوە، کۆشکی سپی لە نێوان دوو بژاردەی دژبەیەکدا دابەش بووە؛ هەندێک لە یاریدەدەرانی ترەمپ داوای کشانەوە و پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی جیهان دەکەن، لە بەرانبەردا هەندێکی دیکە بە دەرفەتێکی دەبینن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی تاران لە ناوچەکەدا.
سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، کەناڵی (NBC News) لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی چەند بژاردەیەکیان خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە یان فراوانکردنی، بەڵام ئەو هێشتا بڕیاری لەسەر هیچ کامیان نەداوە.
کۆشکی سپی بووەتە دوو بەرەوە؛ بەرەیەک داوای کشانەوە دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی جیهان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت، بەرەکەی دیکەش پێیان وایە ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کەمکردنەوەی یەکجارەکیی هەژموونی تاران لە ناوچەکەدا.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە داوە کە خشتەی کاتیی جەنگەکە "هەر رۆژێک دەکرێت بگۆڕێت" بە پشتبەستن بە پێشهاتەکانی ناوچەکە. بەپێی شەش سەرچاوەکە، بژاردەکانی کشانەوە، لەگەڵ بژاردەکانی هەڵکشاندن ئەگەر کۆشکی سپی بیەوێت فشارەکانی سەر ئێران زیاتر بکات، لە پلانی رۆژانەی جەنگدا جێگیر کراون، بەڵام سەرچاوەکان وردەکاریی زیاتریان لەسەر ئەو پلانانە نەخستووەتەڕوو.
کارۆڵاین لیڤت،سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاند کە خەمڵاندنی سەرەتایی بۆ جەنگەکە چوار بۆ شەش هەفتە بووە و سوپای ئەمریکاش کارێکی باش دەکات، بەڵام "جەنگەکە کاتێک کۆتایی دێت کە ترەمپ بڕیار دەدات ئامانجەکان بەدیهاتوون.