ترەمپ: ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی بەکارناهێنێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ رۆژنامەنووسان، دوورکەوتنەوەی ئیسرائیلی لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی راگەیاند و وردەکاریی نوێی سەبارەت بە ئەنجامی هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا کرد.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشبینییەکانی دەیڤید ساکس، راوێژکاری ترەمپ، باسی لەوە کردبوو رەنگە ئیسرائیل لە کاتی پەرەسەندنی شەڕ لەگەڵ ئێران پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی ببات، ترەمپ بە توندی ئەو ئەگەرەی رەتکردەوە و گوتی: "بڕوا ناکەم ئیسرائیل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی ببات. ئیسرائیل هەرگیز کارێکی وا ناکات." ئەمەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی پەیمانگای توێژینەوەی ئاشتی، ئیسرائیل خاوەنی نزیکەی 90 کڵاوەی ئەتۆمییە.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چەند رۆژی رابردوو و رایگەیاند: "جەنگ دژی ئێران بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەردەوامە." ئاشکراشی کرد، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 7000 ئامانجی سەربازی و بازرگانییان لە سەرتاسەری ئێران پێکاوە.

بە وتەی ترەمپ، ئەم هێرشانە ئەنجامی گەورەیان هەبووە، لەوانە؛ کەمکردنەوەی توانای هەڵدانی موشەکی بالیستیکی ئێران بە رێژەی 90%، کەمکردنەوەی توانای فڕاندنی درۆنی بە رێژەی 95% و نوقمکردنی زیاتر لە 100 کەشتیی ئێرانی لە سەرەتای جەنگەکەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە دوێنێدا 3 پێگەی سەرەکیی دروستکردنی موشەک و درۆن کراونەتە ئامانج. سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی و گەرووی هورمزیش گوتی: "30 کەشتیی مینڕێژکەرمان تێکشکاندووە و هەوڵدەدەین گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانیی جیهانیدا بکەینەوە."

لە کۆتاییدا ترەمپ داوای لە وڵاتانی دیکە کرد هاوکاریی ئەمریکا بن لەم ئەرکەدا و گوتی: "دەمانەوێت گەرووەکە بگەرێنینەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، هەندێک وڵات پەرۆشن بۆ یارمەتیدان و هەندێکیشیان دوودڵن."