ئیدارەی ترەمپ داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات سوپای پاسداران و حزبوڵڵا بخەنە لیستی تیرۆرەوە
بەگوێرەی تەلەگرافێکی ناوخۆیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی پێداوە، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رێنمایی داوەتە دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی لە دەرەوە، فشار بخەنە سەر هاوپەیمانەکانیان بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی وەک رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنن.
تەلەگرافەکە لە 16ـی ئاداردا دەرچووە و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا واژۆی کردووە، ئاراستەی سەرجەم نێردە دیپلۆماتی و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە جیهاندا کراوە. "لە رێنماییەکەدا داوا لە دیپلۆماتکاران کراوە ئەم پەیامە لە بەرزترین ئاستی گونجاودا و تاوەکو وادەی 20ـی ئادار بگەیەننە وڵاتان. هەروەها جەخت کراوەتەوە، پێویستە ئەم هەوڵانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئیسرائیلییەکان بێت."
لە بەشێکی تەلەگرافەکەدا هاتووە: "لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی هێرشەکانی ئێران و گرووپە بریکارەکانی، پێویستە سەرجەم حکوومەتەکان بە خێرایی بجوڵێن بۆ کەمکردنەوەی توانای تاران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە هێرشکردنە سەر وڵاتان و هاووڵاتیانمان."
ئیدارەی ترەمپ لەو بڕوایەدا دەردەکەوێت، فشارە نێودەوڵەتییە بەکۆمەڵەکان کاریگەرترن لە هەنگاوی تاکلایەنە. لە تەلەگرافەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە کە رژێمی ئێران بەرامبەر بە هەنگاوە بەکۆمەڵەکان هەستیارترە، و فشاری هاوبەش ئەگەری زۆرترە کە رژێم ناچار بکات شێوازی کارکردنی بگۆڕێت."
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ سەرنجی لەسەر بەدیهێنانی ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای پاسداران و حزبوڵڵا و گرووپە بریکارەکانی دیکە ئێران هۆکارن بۆ ناسەقامگیرکردنی حکوومەتەکان و تێکدانی ئاشتیی ناوچەکە.
پێشتر ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە سوپای پاسداران و حزبوڵڵایان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئەم هەوڵە نوێیە بۆ فراوانکردنی ئەو بازنەیەیە لەسەر ئاستی جیهانی.