هاوپەیمانانی واشنتن رەتیدەکەنەوە بچنە ناو هاوپەیمانییەکەی گەرووی هورمز

ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرەنگاری گوشارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کە ئامانج لێی کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمزە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە، لە کاتێکدا بەریتانیا پڕۆژەبڕیارێکی بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەش کردووە، بەڵام کاردانەوەی زۆرینەی وڵاتانی دیکە لە نێوان "گومان و رەتکردنەوەی بێ ئەملاو ئەولا"دا بووە.

ئیدارەی ترەمپ ئێستا لەسەر دوو هێڵی تەریب کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە داخستنی گەرووی هورمز، یەکەمیان لە رووی سەربازییەوە، سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر پێگە ئێرانییەکانی دژە کەشتی لە کەناراوەکانی هورمز، بە ئامانجی لاوازکردنی توانای تاران بۆ بەئامانجگرتنی تانکەرە نەوتەکان. هەروەها دووەمیان لە رووی دیپلۆماسییەوە، کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دەدەن بۆ دابینکردنی کەشتیی جەنگی و پشتیوانی سیاسی، بە مەبەستی پاراستنی گەشتی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ داوای لە وڵاتانی (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا و کەنەدا) کردووە بەشداری بکەن.

بەریتانیا: کێر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئامادەیی زیاتری نیشانداوە و وڵاتەکەی رەشنووسێکی بۆ پێکهێنانی هێزێکی فرەنەتەوەیی ئامادە کردووە.

فەرەنسا: ترەمپ رایگەیاندووە کە ماکرۆن بە رێژەی "8 لە 10" ئامادەیە هاوکاری بکات، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن ماکرۆن هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و هەڵوێستی ئێستای نزیکترە لە رەتکردنەوە.

ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن: بە شێوەیەکی فەرمی ناردنی هەر پارچە کەشتییەکی جەنگییان بۆ ناو ئەو ئەرکە رەتکردووەتەوە.