هەفتەی سێیەمی هێرشەکان، 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزاران بریندار هەن

لەگەڵ چوونە نێو هەفتەی سێیەمی دەسپێکی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، ئاماری کوژراو و بریندارانی سەربازانی ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. هاوکات ئیسرائیل دانی بەوەدا نا بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئێران و لوبنانەوە، هەزاران کەس لە وڵاتەکەیدا بریندار بوون.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پشتڕاستی کردەوە، لە سەرەتای دەسپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە 28ـی شوباتەوە تا ئێستا، 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون. بەگوێرەی راپۆرتەکە، 7 لەو سەربازانە لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان گیانیان لەدەستداوە، و 6 سەربازی دیکەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی لە عێراق کوژراون.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ ژمارەی بریندارانی سەربازەکانیان گەیشتووەتە نزیکەی 200 کەس. ئاماژە بەوەش دراوە، باری تەندروستیی 10 لە بریندارەکان سەختە و ئەوانی دیکە برینەکانیان سوکە. ئەم برینداربوونانە لە بنکەکانی ئەمریکا لە (بەحرەین، عێراق، ئوردن، کوەیت، سعوودیە، ئیمارات و ئیسرائیل) تۆمارکراون.

لە لایەکی دیکەوە، دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل کوژرانی 12 کەسی راگەیاندووە، کە 9یان لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی ئێران بووە بۆ سەر ناوچەی بیت شیمش لە نزیک قودس. هەروەها سوپای ئیسرائیل دانی بە کوژرانی دوو سەربازیدا نا لە شەڕەکانی باشووری لوبنان.

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئامارێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەکانەوە تا ئێستا 3 هەزار و 530 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، کە تەنیا 142 کەسیان لە 24 کاتژمێری رابردوودا بووە. لەو ژمارەیەش 8 کەسیان بارودۆخیان ناجێگیرە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل سانسۆرێکی توندی سەربازی خستووەتە سەر بڵاوکردنەوەی قەبارەی راستەقینەی زیانە گیانی و ماددییەکانی و پێشبینی دەکرێت ژمارە راستەقینەکان زۆر لەوە زیاتر بن کە رادەگەیەنرێن.

لەسەر ئاستی سەربازی، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، میدیاکانی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردبووەوە سەبارەت بە تێکشکاندنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی.

سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و هیچ فڕۆکەیەکیان زیانی بەرنەکەوتووە و هێزە ئاسمانییەکانیان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوچەکەدا.