سوپای ئیسرائیل: سیستمی بەرگریی ئاسمانیان لە تاران بۆردومانکرد
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەیان فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ژێرخانە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە سێ ناوچەی جیاواز کە بریتین لە تاران، شیراز و تەبرێز.
سێشەممە 17ی ئاداری 2026، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە تاران بارەگاکانی دەزگا ئەمنییەکان لەنێوانیان وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی بەسیج کراونەتە ئامانج. جگە لەوەش، ئەو شوێنانەی بۆ کۆگاکردن و هاوێشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی بالیستی و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەکاردەهاتن، خاپوور کراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، لە شاری شیراز بارەگای فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ و کۆگایەکی موشەکی بالیستی تێکشکێنراون. هاوکات لە شاری تەورێزیش سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران کراونەتە ئامانج، ئەمەش بە مەبەستی چەسپاندنی باڵادەستیی ئاسمانی و نەهێشتنی مەترسییەکان لەسەر ئیسرائیل.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە بەشێکن لە قۆناخی پەکخستنی تواناکانی ئێران کە بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل و فڕۆکە جەنگییەکانیان بەکاریان دەهێنێت.