ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان کردەوەی تیرۆریستین

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان و، بە "کردەوەی تیرۆریستی" ناوی بردن، هاوکات بڕیاری دا بە دیاریکردنی رۆژانی پشووی فەرمی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی یازدەهەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، کە تێیدا پێشهاتەکانی بارودۆخی وڵات و بابەتەکانی خشتەی کار تاوتوێ کراون و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دراوە.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سوودانی، ئەنجومەنەکە تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی کردووە و بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە کە کراونەتە سەر پێگەی هێزە ئەمنییەکان.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکوومەت هەر پەلامارێک بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان بە "کردەوەی تیرۆریستی دەزانێت کە ئامانج لێی تێکدانی ئەو سەقامگیری و ئاسایشەیە کە بەهۆی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانەوە بەدەست هاتووە." ئەنجومەنەکە جارێکی دیکە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هێزە ئەمنییەکان دەربڕی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ رێگریکردن لەم هێرشانە.

سەبارەت بە خشتەی کارەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە، بڕیار درا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا رابگەیەنرێت. پشووەکە لە سبەی چوارشەممە (18ـی ئاداری 2026) دەست پێدەکات و تاوەکوو رۆژی دووشەممەی داهاتوو (23ـی ئادار) بەردەوام دەبێت و، لە رۆژی سێشەممە (24ـی ئاداری 2026) دەوامی فەرمی دەست پێدەکاتەوە.