هێرشی درۆنی و مووشەکی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی بەغدا
لە هەژدەیەمین ڕۆژی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جارێکی دیکە دەنگی تەقینەوە لە بەغدا بیسترا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرانە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند: ئێوارەی سێشەممە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکێکی کاتیۆشاوە کراوەتە ئامانج، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیش نەیتوانیوە بەرپەرچی درۆنەکە بداتەوە.
هەرچەندە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە نەکردووە، کە درۆنەکە لە ناو حەوشەی باڵیۆزخانەکە یان لە دەرەوەی کەوتووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاگر لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە لە لای رووباری دیجلە کەوتووەتەوە، هاوکات شایەتحاڵەکان لە نزیک ناوچەی سەوز رایانگەیاندووە کە تەقینەوەیان لە ئاسماندا بینیوە کە بەهۆی چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی باڵیۆزخانەکەوە بووە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کرد کە سیستەمی بەرگریی لە کۆمەڵگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بەرپەرچی درۆنێکی داوەتەوە کە ناوەندێکی پشتیوانی لۆجستی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمریکای کردبووە ئامانج.
لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوبات، عێراق بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شەڕەکە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" رۆژانە هێرشی درۆنی و مووشەکی دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم هێرشانەی شەوی سێشەممە دوای ئەوە دێن کە رۆژی دووشەممەش باڵیۆزخانەی ئەمریکا دووجار کرایە ئامانج؛ جارێک بە چوار مووشەک و جارێکی دیکەش بە هێرشێکی هاوبەشی درۆن و مووشەک، هەروەها درۆنێک لەسەر سەربانی هۆتێلێک کەوتووەتەوە کە دیپلۆماتکارانی لێ دەمێننەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.