بەڵگەنامەیەکی ئیسرائیلی: ئێران تێکنەشکاوە و ئامادەیە تا کۆتایی بجەنگێت
رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنێکی نوێدا رایانگەیاندووە؛ سەرەڕای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، ئێران هێشتا خۆڕاگرە و ئامادەیی تێدایە "تا کۆتایی بجەنگێت".
بەگوێرەی بروسکەیەکی دیپلۆماسی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە قودس، رۆژنامەکە دەستی کەوتووە، هەڵسەنگاندنە ئیسرائیلییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئێران تێکنەشکاوە و سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان.
بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل پێشبینی ئەوەی دەکرد کوشتنی خامنەیی لە 28ـی شوباتدا ببێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و پەککەوتن لە ناوەندیی بڕیاری ئێراندا، بەڵام دەرکەوتووە تواناکانی ئەو وڵاتە هێشتا کاران و بەردەوامە لە هاویشتنی مووشەکی بالیستی بۆ هەر شوێنێک کە بییەوێت.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، خۆڕاگری دەسەڵاتدارانی تاران یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هیچ پایەخی بۆ داناوە. لە کاتێکدا واشنتن و تەلئەڤیڤ گرەویان لەسەر هەڵوەشانەوەی خێرای ناوخۆیی ئێران دەکرد، بەڵام رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو دەریانخست، سەرکردایەتی ئێران هێشتا بە توندی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و لە رێگەی مووشەک و درۆنەکانەوە بەردەوامن لە وەشاندنی گورزی تۆڵەسەندنەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە لە 28ـی شوباتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان دژی ئێران دەستپێکردووە، بووەتە هۆی کوژرانی خامنەیی و دەیان سەرکردەی دیکەی ئەو وڵاتە، هاوکات ئاڵوگۆڕی گورزە مووشەکییەکان لە چەندین بەرەی جیاوازەوە بەردەوامە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کاردانەوەی توندی نیشاندا و کوژرانی خامنەیی وەک "پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو بنەما ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کرد.