وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل بەدوای بەرپرسانی ئێرانەوەیە
رۆژنامەکانی رۆژئاوا ستراتیژی ئیسرائیل لە دژی ئێران ئاشکرا دەکەن، ئەویش بە ئامانج گرتنی سەرکردە و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانە لە حەشارگەکان لە تاران، ئەمەش بۆ لاوازکردنی ژێرخانی حکوومەتی ئەو وڵاتەیە.
رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە شوێنێکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی وڵات کۆبووەتەوە و بەئامانج گیراوە و کوژراوە، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت لەناو ئاپۆڕای خەڵک لەتاران دەرکەوت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی جیادا، دوای ئەوەی شوێنی غوڵام رەزا سولەیمانی، فەرماندەی بەسیج دەستنیشان کرا، لە دەورووبەری تاران کرایە ئامانج و کوژرا.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، ئیسرائیل هەڵمەتێکی سیستماتیک ئەنجام دەدات کە بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی فەرماندەیی دەستپێدەکات، پاشان کارمەندانی ئەمنی ناچار دەکات پێش ئەوەی لێیان بدرێت بچنە شوێنی جێگرەوە، بۆ ئەمەش سوود لە زانیارییە هەواڵگرییەکان وەردەگرێت کە لەلایەن هاووڵاتیانی ئێرانی پێشەکشیان دەکرێت.
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەکەدا هاتووە، ئیسرائیل هەزاران مووشەکی بەکارهێناوە بۆ بەئامانجگرتنی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، کە کوژراو و برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە و لەناو دەزگا ئەمنییەکان حاڵەتێكی سەرلێشێواوی دروستکردووە، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتر بوون و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئامانجگرتنی خاڵەکانی پشکنین و یەکە مەیدانییەکان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی کۆنترۆڵی ئەمنی و پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن.
لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ـی شوباتدا، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێران کوژران کە لە لووتکەی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی بوون.
ئەوانەی تاوەکوو ئێستا لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون بریتین لە،
- عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەی.
- عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان.
- عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگری و فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی.
٠ محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی.
-عەلی شەمخانی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی رێبەری باڵای ئێران یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکیەکانی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
- محەممەد شیرازی، بەرپرسی فەرمانگەی سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامی.
- حوسێن جەبەل عامیلیان، سەرۆکی رێکخراوی داهێنان و توێژینەوەی بەرگری.
- رەزا موزەفەری نیا، فەرماندەی پێشووی هەمان رێکخراوە.
- ساڵح ئەسەدی، بەرپرسی هەواڵگری لە بارەگای خاتەم ئەلئەنبیە.
- عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، کە دوای کوشتنی خامنەیی بەرپرسیارێتی کارە ئەمنییەکانی لە ئەستۆ گرت.
- غوڵام رەزا سولەیمانی، فەرماندەی بەسیج، سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی.
بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەم هێرشانە بەشێکن لە ستراتیژێک کە بە "سەربڕین"ناوی بردووە، ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئێرانە بە نەهێشتنی سەرکردەکانی