ئیتاڵیا کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە عێراق راگەیاند
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، کشانەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق راگەیاند. هاوکات ئاشکرای کرد، شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان رۆما و بەغدا پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە کە بریتی دەبێت لە چڕکردنەوەی هاوکارییەکان، مەشق و راهێنان، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پەرەپێدانی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، لە راگەیەنراوێکدا بە فەرمی تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوەی دوا کاروانی هێزە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق راگەیاند.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، قۆناخی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و رۆما تیشک دەخاتە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان، مەشق و راهێنان و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
باسی لەوەش کردووە، هێزە چەکدارەکانی ئیتاڵیا لە ماوەی ساڵانی رابردووی خزمەتکردنیاندا لە عێراق، ئەرکەکانی خۆیان بە لێهاتووییەکی بەرز، گیانی قوربانیدان و هەستکردن بە بەرپرسیارییەتیی باڵا جێبەجێ کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا روونی کردەوە، هێزەکانیان هاوشانی هێزەکانی دیکەی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە پێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا کرابوو، خاکی عێراقیان بەجێهێشتووە پێش ئەوەی وادەی 30ـی ئەیلوول.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئیتاڵیا بە مانای کۆتاییهاتن بە پەیوەندی لەگەڵ عێراق نایەت کە وڵاتێکی گرنگ و دۆستە، هەروەها نابێتە رێگر لە بەردەم داڕشتنی شێوازی نوێی هاوکاری و هاوبەشی داهاتوو.