سەرۆک بارزانی: هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای دامەزراندنی عێراق بوون
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە شیکارییەکی قووڵی بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، جەنگی ئەمریکا و ئێران و ئاییندەی ناوچەکە خستەڕوو.
سەرۆک مەسعود بارزانی، رایگەیاند: کە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق حوکمی وڵات ناکەن، بەڵکوو "وڵاتۆچکە هاوتەریبەکان" دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هاوکات هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر عێراق نەگەڕێتەوە سەر بنەما سەرەکییەکانی پێکەوەژیان و جێبەجێکردنی دەستوور، سیستەمی سیاسی تووشی داڕمان دەبێت.
مێژووی خەبات و فیدراڵیەت
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، خەباتی گەلی کورد گەیشتە قۆناخێکی نوێ کە تێیدا پەرلەمانی کوردستان فیدراڵیەتی پەسەند کرد وەک ئامرازێک بۆ بونیادنانی عێراقێکی نوێ، هاوکات گوتی: بەشێکی گەورەی ئاوات و خەباتی گەلی کورد بەدیهاتووە بەڵام نەک هەمووی.
سەرۆک بارزانی روونی کردەوە، کە فیدراڵیەت بە مانای دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان دێت، کەچی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی بەغدا باوەڕیان بەم پرەنسیپە نییە و تا ئێستاش کولتووری حوکمی مەرکەزی زاڵە؛ لەو بارەیەوە هۆشداری دا کە "حوکمی مەرکەزی پێشتر بە ئاسن، ئاگر، چەکی کیمیایی و ئەنفال تاقیکرایەوە و شکستی هێنا و رووخاند، بۆیە هەر دەسەڵاتێکی دیکەش پەنا بۆ هەمان شێواز ببات، چارەنووسی هەر ڕووخان دەبێت."
پەکخستنی دەستوور و سێ بنەما سەرەکییەکە
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دوای 2003 رێککەوتن کرابوو عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) بونیاد بنرێتەوە و دەستووریش بەم رۆحیەتە نووسرایەوە، بەڵام لە واقیعدا پیادە نەکراوە. گوتیشی: "رووبەڕووی دۆخێکی سەیر دەبینەوە؛ لەسەر کارنامەی حکوومەتی عێراق رێکدەکەوین و واژووی دەکەین، کەچی هەر کە حکوومەت پێکهات، دەستوور و رێککەوتنەکان فەرامۆش دەکرێن و میزاجی کەسی دەبێتە بڕیاردەر."
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستوور نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر وەک دادوەر و ناوبژیوان پەسەند بکرێت، کێشەکان زۆر بە سادەیی چارەسەر دەبن.
مەرجی مانەوە لە حکوومەتی عێراق
سەبارەت بە بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەی فیدراڵیدا، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، پارتی رووبەڕووی پیلانگێڕییەکی قێزەون بووەوە لە لایەن هەندێک لایەنی بە مەبەستی پەراوێزخستنی، بەڵام نەیانتوانی.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند: رێککەوتنێکی نووسراو و فەرمی هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا کە لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و هادی عامری، بە نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ کراوە. ئەم رێککەوتنە بنەمای بەشداریکردنی ئێمەیە لە کابینەکەدا لە کاتی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە هیچ مانایەک بۆ مانەوەمان لە حکوومەتدا نامێنێتەوە. جەختیشی کردەوە کە بێ بوونی پارتی و رەوتی سەدر، حوکمڕانی لە عێراق بە ئیفلیجی دەمێنێتەوە.
کورتەی قسەکانی سەرۆک بارزانی:
سەرۆک بارزانی: عێراقی نوێ لەسەر بنەمای فیدراڵییەت دامەزراوە
سەرۆک بارزانی: بەشێکی ئەوەی خەباتمان بۆ کردووە بەدیهاتووە.
سەرۆک بارزانی: مافەکانی کورد تەنیا لە سایەی سیستەمێکی دیموکراتی دەستەبەر دەکرێن
سەرۆک بارزانی: لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەما ڕێککەوتین
سەرۆک بارزانی: هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای دامەزراندنی عێراق بوون
سەرۆک بارزانی: دوای پێکهێنانی هەر حکوومەتێکی عێراق، دەستوور و رێککەوتنەکان پێشێل دەکرێن
سەرۆک بارزانی: میزاجی تاکەکەسی حوکمی عێراق دەکات
سەرۆک بارزانی: دەکرا هەرێمی کوردستان و عێراق باشتر بن
سەرۆک بارزانی: بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق باوڕیان بە فیدراڵییە نییە
سەرۆک بارزانی: ئەگەر دەستوور جێبەجێکرابا زۆر کێشەمان نەدەبوو
سەرۆک بارزانی: دامەزراوە دەستوورییەکان حوکمی عێراق ناکەن
سەرۆک بارزانی: هەموو دەسەڵاتێکی ناوەندی لە عێراق شکست دەهێنێت
سەرۆک بارزانی: لە دوای ساڵی 2003 بەغدا بە فەرهەنگی سیستەمی ناوەندی مامەڵەی کردووە
سەرۆک بارزانی: مێژوو بۆ ئەوەیە سوودی لێوەربگرین
سەرۆک بارزانی: دوای پێکهێنانی حکوومەت ڕێککەوتنەکان دەخرێنە سەر ڕەفە
سەرۆک بارزانی: پیلانگێڕییەکی قێزەون بەرانبەر پارتی کرا
سەرۆک بارزانی: نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری واژۆیان لەسەر ڕێککەوتنێک کردووە
سەرۆک بارزانی: لاپەرەیەکی نوێمان لەگەڵ لایەنەکانی عێراق هەڵداوەتەوە
سەرۆک بارزانی: ناکرێت یەک پێکهاتە حوکمی عێراق بکات
سەرۆک بارزانی: پەراوێزخستنی پارتی وەهمی چەند لایەنێک بوو و خۆیان پەراوێزخران
سەرۆک بارزانی: هێزە سەرەکییەکان لە حکوومەتی عێراق بەشدارنەبن پەککەوتوو دەبێت
سەرۆک بارزانی: رێگاکەی زەیدی راستە و پێویستە پاڵپشتی بکرێت
سەرۆک بارزانی: پاڵپشتی زەیدیمان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
سەرۆک بارزانی: کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت کاتێکی زۆری دەوێت و قورسە
سەرۆک بارزانی: ئەگەر ئەمریکا سزای عێراق بدات ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە
سەرۆک بارزانی: ترسی ئەوەم هەیە جارێکی دیکە مەترسی داعش بگەڕێتەوە
سەرۆک بارزانی: تاوەکو ئێستا داعش هەڕەشەیە
سەرۆک بارزانی: هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لەو ڕێککەوتنانەی عێراق دەکات
سەرۆک بارزانی: هەرێمی کوردستان ڕۆڵی ئەرێنی لەنێوان بەغدا و واشنتندا دەگڕێت
نوێ دەکرێتەوە..