کێڵگەی گازی جیهانی پارسی باشوور لە ئێران بۆردوومان کرا

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، کێڵگەی گازی "پارسی باشوور" لە کەناراوەکانی کەنداو کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە. هاوکات قەتەر کە لەو کێڵگەیەدا لەگەڵ ئێران هاوبەشە، هێرشەکەی بە "هەنگاوێکی مەترسیدار و نابەرپرسانە" وەسف کرد.

چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، ئیحسان جەهانیان، جێگری پارێزگاری بوشەهر لە باشووری ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، بەشێک لە دامەزراوە گازییەکانی ناوچەی ئابووری وزەی پارسی باشوور لە عەسەلوویە، لە رێگەی چەند مووشەک و پاشماوەی جەنگییەوە بۆردوومان کران. ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەدان کە لە شوێنەکە کەوتووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، قەتەر کە گەورەترین کێڵگەی گازی جیهان (پارسی باشوور/ گازی باکوور) لەگەڵ ئێراندا بەش دەکات، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: کردنە ئامانجی دامەزراوەکانی کێڵگەی پارسی باشوور کە درێژکراوەی کێڵگەی گازی باکووری قەتەرە، هەنگاوێکی مەترسیدار و نابەرپرسانەیە.

ئەنساری هۆشداریشی دا، لێدان لە ژێرخانی وزە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان و ژینگەی ناوچەکە، داواشی کرد کە دامەزراوە خزمەتگوزارییە گرنگەکان لە ململانێ سەربازییەکان دوور بخرێنەوە.

کێڵگەی پارسی باشوور نزیکەی 70%ـی پێداویستی گازی ناوخۆیی ئێران دابین دەکات و بەشێکی سەرەکییە لە ئابووری ئەو وڵاتە. جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئیسرائیل پێشتریش لە حوزەیرانی 2025 و لە کاتی شەڕی 12 رۆژەی نێوانیان، چەند دامەزراوەیەکی گازی ئێرانی لەم ناوچەیەدا کردبووە ئامانج.