پارتی و یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوای لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی دوو گەنجەکەی پردێ دەکەن
فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەن دەکەن لەبارەی شەهیدکردنی دوو گەنجی کورد لە سنووری شارەدێی پردێ.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند "داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر شەهیدکردنی ئەو دوو گەنجە کوردەی پردێ دەکەین و هاوکات داوامان کردووە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان پشتیوانی لە هەوڵە ئەمنییەکان دەکەن و گوتی: "ئێمەش هاوکارین لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، بەڵام دەبێت ئۆپراسیۆنەکانی دژی داعش زۆر وردتر بکرێن و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی پردێدا هەبێت، تاوەکو لەژێر ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هاووڵاتی و لاوی بێتاوان نەکرێنە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەسەن مەجید داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بەپەلە فەرمانی پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە دەربکات، چونکە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دوو لاوی کورد بە ناحەق شەهید کراون.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەن دووپاتی کردەوە کە فراکسیۆنەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەن و بێدەنگ نابن تاوەکو ڕاستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن.