بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا: ئێران زۆر لاواز بووە و توانا سەربازییەکانی لەدەستداوە
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە حکوومەتی ئێران تا ئێستا نەڕووخاوە، بەڵام بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانەوە زۆر لاواز بووە و توانای مانۆڕی سەربازیی لە ناوچەکەدا لەدەستداوە. تولسی گابارد هۆشداریش دەدات کە لە ئەگەری مانەوەی ئەم دەسەڵاتە، تاران هەوڵێکی چەندین ساڵە بۆ دووبارە پڕچەککردنەوەی سوپاکەی دەستپێدەکات.
چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، لە میانی پێشکەشکردنی راپۆرتێک ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی جەنگی ئێران، سەرنجی خستە سەر دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی و ئاماژەی بەوە کرد کە پێگەی ستراتیژیی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو داڕماوە.
گابارد جەختی کردەوە کە زۆربەی تواناکانی هێزی سەربازیی و سیستەمی مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران تێکشکێندراون، هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە لە هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە تەواوی لەناوچووە.
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی هۆشداری دا، ئێران و بریکارەکانی هێشتا وەک مەترسییەکی جددی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێننەوە، گوتیشی: "ئەگەر ئەم دەسەڵاتە لەم جەنگە رزگاری بێت، بێگومان دەست دەکات بە پڕۆسەیەکی درێژخایەن بۆ بنیاتنانەوەی هێزە مووشەکی و ئاسمانییەکانی."
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، گابارد باسی لە دۆخی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کرد و رایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، مۆسکۆ هێشتا باڵادەستیی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگدا پاراستووە و پێدەچێت تا گەیشتن بە ئامانجەکانی، بەردەوام بێت لە شەڕێکی درێژخایەنی شەکەتکەر.
گابارد نیگەرانیی قووڵی دەزگا هەواڵگرییەکانی نیشاندا سەبارەت بە هەوڵە تەکنۆلۆژییەکانی وڵاتانی رووسیا، چین، کۆریای باکوور، ئێران و پاکستان، کە سەرقاڵی پەرەپێدانی سیستەمە مووشەکییە پێشکەوتووەکانی ناوکی و تەقلیدین، جەختی کردەوە کە ئەم چەکە نوێیانە توانای ئەوەیان هەیە راستەوخۆ خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بخەنە ناو مەودای هێرشەکانیانەوە.