ئەکسیۆس: ئامانجەکانی ترەمپ و ناتانیاهۆ لە جەنگی دژی ئێران جیاوازن
سەرەڕای پەیوەندییە رۆژانەکان و هاوئاهەنگییە بێوێنەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لە شەڕی 19 رۆژەی دژ بە ئێران، راپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان ئامانجی کۆتایی و ئاستی قبووڵکردنی مەترسییەکان لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ دروست بووە، کە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا رێڕەوی شەڕەکە بگۆڕێت.
چوارشەممە 18ی ئاداری 2026،بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە نزیکەی هەموو رۆژێک گفتوگۆ دەکەن و ترەمپ دۆخی نێوانیانی بە کارکردنێکی نایاب وەسف کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئامانجە رادیکاڵەکانی ناتانیاهۆ هاوڕایە، بەڵام جیاوازییەکان لەوەدا دەردەکەون کە ترەمپ تەنیا دەیەوێت توانای سەربازیی ئێران بەرنامەی ناوکی، مووشەکی، هێزی دەریایی و پشتیوانیی بریکارەکانی تێک بشکێنێت، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەوڵ بۆ گۆڕینی دەسەڵات و کوشتنی سەرکردە باڵاکان دەدات.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پێکدادانی نێوان ئەم دوو هاوپەیمانە، پرسی هێرشکردنە سەر تانکەرە نەوتییەکانی ئێران بووە. واشنتن جەخت لەسەر جێگیرکردنی بازاڕی نەوتی جیهانی دەکاتەوە و داوای لە ئیسرائیل کردووە بێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا هیچ هێرشێکی دیکە نەکاتە سەر کەرتی نەوت، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن ناتانیاهۆ نەک تەنیا لە ئاژاوەی بازاڕی نەوت ناترسێت، بەڵکوو زۆر زیاتر لە ئەمریکا خوازیاری تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی ئێرانە.
هەرچەندە بەرپرسانی وەک پیت هەگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، جەخت دەکەنەوە کە تەنیا ئەمریکا کاتی کۆتاییهاتنی شەڕ و بەدیهاتنی ئامانجەکان دیاری دەکات، بەڵام ناتانیاهۆ هێشتا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە فراوانەکانی و تەنانەت لیستێکی لەو سەرکردە ئێرانییانە پیشانی باڵیۆزی ئەمریکا داوە کە بە نیازە لە ماوەیەکی نزیکدا تیرۆریان بکات.
ترەمپ خۆی دانی بەوەدا ناوە کە ئامانجەکانی ئیسرائیل کەمێک جیاوازن، چونکە ئەوان لە ناو جەرگەی رووداوەکەن و ئەمریکاش هەزاران کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە.