سی بی ئێس نیووز: پێنتاگۆن چەندین بژاردەی جیاوازی خستووەتە بەردەم ترەمپ

لە کاتێکدا چارەنووسی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە نادیاری ماوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ بژاردەی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی مەترسیداری بۆ ناو قووڵایی خاکی ئەو وڵاتە خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، هاوکات واشنتن هۆشداری دەدات کە سەرەڕای تێکشکانی سوپای تاران، هێشتا مەترسیی پەکخستنی گەرووی هورمز لە رێگەی مینڕێژکردنەوە لە ئارادایە.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە تەلەڤزیۆنی سی بی ئێس نیووزیان راگەیاندووە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بۆ ناو قووڵایی خاکی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ماددە ناوکییەکان.

بەپێی راپۆرتەکەی سی بی ئێس نیووز، پێنتاگۆن چەندین بژاردەی جیاوازی خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگی دژ بە ئێراندا.

یەکێک لە نیگەرانییە هەرە گەورەکانی ئەمریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەوەیە کە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی هاوینی رابردوو بۆ سەر بنکە ناوکییەکان، چارەنووسی نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران نادیارە، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، رایگەیاند کە بژاردەی ناردنی هێزی زەمینی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ماددە ناوکییانە هێشتا لەسەر مێزە و ترەمپ ڕەتی کردووەتەوە لە کارنامەی خۆی لایببات.

سی بی ئێس نیووز باسی لەوەش کرد، سەرەڕای تێکشکانی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێران، ترەمپ لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا نیگەرانیی خۆی لە توانای ئێران بۆ پەکخستنی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز دەربڕیوە.

سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە چاندنی مینە دەریاییەکان مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی وزە دروست دەکات. ترەمپ بە توندی رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت کە ئامادە نین کەشتیی مینڕێژکەر بنێرن بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکا

لە لایەکی دیکەوە، زانیارییە هەواڵگرییەکان و وێنە مانگە دەستکردەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران دەروازەی تونێلی بنکە ناوکییەکانی بە بڕێکی زۆر خۆڵ و قوڕ داپۆشیوە بۆ ئەوەی دەستگەیشتن بە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە ئەستەم بکات. رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هۆشداری داوە کە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بەهۆی ئەوەی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بڵاو بووەتەوە، تەنیا بە ڕێگەی سەربازی لەناو ناچێت و داوای کردووە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ پەنا بۆ دیپلۆماسی ببرێتەوە.

کێشەیەکی دیکەی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە ئێستا بەهۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرکردە، نازانن کێ بڕیارە سەرەکییەکانی ئێران دەدات و ترەمپ دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتەی بە یاخیبوو وەسف کردووە.