عێراق سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە ئێران دەکات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانی قووڵی خۆی لە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ئێران نیشان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم پەرەسەندنانە هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بڵاویکردەوە، سەرکۆنەی توندی ئەو پەرەسەندنە مەترسیدارە دەکات کە خۆی لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە ئێران دەبینێتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەئامانجگرتنی ژێرخانە هەستیارەکان، بەتایبەتی دامەزراوەکانی وزە، پەرەسەندنێکی بێ پاساوە و دەبێتە هۆی توندتربوونی گرژییە ناوچەییەکان. هەروەها جەختکراوەتەوە کە ئەم هێرشانە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سەلامەتی هاووڵاتییانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەکی گەورەوە و کاریگەری نەرێنیشیان لەسەر سەقامگیری بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جارێکی دیکە هەڵوێستی نەگۆڕی بەغدای دووپاتکردەوە، کە داوای دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە راکێشانێکی ناوچەکە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر دەکات، چونکە ئەنجام و لێکەوتەی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوە جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و پاراستنی دامەزراوە زیندووەکانیان کردووەتەوە، وەک بنەمایەک بۆ پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.