لە بەسرە بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەی دەریایی 'ئوم قەسر'

'سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، رایگەیاند،؛ بنکەی دەریایی ئوم قەسر لە رێگەی درۆنەوە کراوەتە ئامانج.

سەرچاوەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: "بارەگای فەرماندەیی هێزە دەریاییەکان لە ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە، بەر هێرشێکی درۆنی کەوتووە، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشەشدا، دوو درۆنی دیکە لە نزیک ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و کوەیت کەوتوونەتە خوارەوە."

سەبارەت بە زیانەکان، سەرچاوەکە رایگەیاندووە؛ تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی یان ماددییەکانی ئەو هێرشە لەبەر دەستدا نییە.