ئەمریکا: ئەرکە سەربازییەکانمان لە ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت

بۆ هەفتەی سێیەمە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە، بەرپرسانی باڵای واشنتن ئاماژە بە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەن.

مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رایگەیاند؛ "ئەرکی ئەمریکا لە ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت". جۆنسۆن لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی CNN ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بووەتە هۆی دروستبوونی هەندێک ئاڵۆزی لە خشتەی کاتیی شەڕەکەدا، بەڵام کاریگەریی لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکە نابێت.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگی (پێنتاگۆن) داوای لە کۆشکی سپی کردووە رەزامەندی بدات لەسەر پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ کۆنگرێس، بە مەبەستی تەرخانکردنی بودجەیەکی زیادە بڕەکەی زیاترە لە 200 ملیار دۆلار، بۆ دابینکردنی تێچووەکانی شەڕ لە دژی ئێران.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند؛ هەرچەندە وڵاتەکەی هێشتا ئامادە نییە بۆ کشانەوەی دەستبەجێ، بەڵام لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا پاشەکشە دەکەن.

ترەمپ گوتی: "ئێمە تواناکانی ئێرانیانمان بە تەواوی تێکشکاندووە؛ هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نەماوە، سیستەمی رادار و بەرگریی ئاسمانییان لەکار خراوە و سەرکردەکانیشیان کۆتاییان پێهێنراوە."

ترەمپ جەختی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان زۆر لە پێش خشتەی کاتیی دیاریکراوەوەن و گوتی: "پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە و زۆر لە پێش کاتەوەین."