ئیسرائیل هێلیکۆپتەرێکی ئێران و 5 کەشتی جەنگی لە دەریای قەزوین تێکدەشکێنێت

سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، رایگەیاند؛ توانیویانە هێلیکۆپتەرێکی ئێرانی لە جۆری "Mi-17" لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سنە تێکبشکێنن.

سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی (X)، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساتی تێکشکاندنی هێلیکۆپتەرەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەردەوامە لە لەناوبردنی تواناکانی هێزی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و فراوانکردنی باڵادەستیی ئاسمانیی خۆی لە ڕۆژئاوای ئێران."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە دوێنێ چوارشەممە فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هەلیکۆپتەرەکەی سوپای پاسدارانی لە فڕۆکەخانەی سنە دەستنیشان کردووە و دەستبەجێ کردوویەتیە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەنووسێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا وشکانی نەبووە، بەڵکو هێزی دەریایی ئێرانیشی کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی جەنگیی ئێران لە دەریای قەزوین و توانیویەتی زیاتر لە 5 کەشتی هەڵگری مووشەک لەناو ببات.