هاکان فیدان: هۆکاری سەرەکیی جەنگ لە ناوچەکە ئیسرائیلە
وەزیری دەرەوەی تورکیا، رەخنەی توند لە هەڵوێست و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران دەگرێت و رایدەگەیەنێت کە تاران متمانەی تورکیای لەنێو بردووە. فیدان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و ژێرخانی وڵاتانی عەرەبی مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەممەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا گوتی: کە وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی هەردوو وڵات بەرانبەر بە جەنگی ئێستا.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران بەهۆی کارە دوژمنکارییەکانییەوە متمانەی ئێمەی لەنێو بردووە و ئەم متمانەیەش پێویستی بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوە هەیە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: هۆکاری سەرەکیی جەنگ لە ناوچەکە ئیسرائیلە، بەڵام ئێران بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەسەر شانە و هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بە "نایاسایی" و "ناپەسند" وەسف کرد.
گوتیشی: "ئێمە هەموو ئەو دەستدرێژییانە رەت دەکەینەوە کە جوگرافیای ناوچەکە دەکەنە ئامانج و پێویستە ئەو هێرشانەی هەڕەشە لە ئازادیی کەشتیوانی دەکەن، دەستبەجێ رابگیرێن."
فیدان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە هێرشکردنە سەر ئێران بە هەمان شێوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دراوسێکانی هەڵەیە و جەختی کردەوە کە دەبێت چارەسەرییەکان تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بن. دەشڵیت: هۆکاری سەرەکیی جەنگ لە ناوچەکە ئیسرائیلە.
هاوکات هاکان فیدان، پاڵپشتیی تورکیای بۆ وڵاتانی عەرەبی دووپات کردەوە و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ژێرخانی وڵاتی قەتەری کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.