قاسم ئەعرەجی: ئەو لایەنانەی پارە بۆ نانەوەی فیتنە خەرج دەکەن بە توندترین شێوە سزا دەدرێن

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هۆشداریی توند دەداتە ئەو لایەنانەی فیتنە و دووبەرەکی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا دەچێنن و رایدەگەیەنێت، رووبەڕووی توندترین سزا دەبنەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  ئێکس رایگەیاند: روو لەو لایەنانە دەکەین کە پارە خەرج دەکەن و هاندەرن بۆ نانەوەی فیتنە و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان عێراقییەکان، دەبێت دەستبەجێ هەموو جۆرە تەمویل، هاندان و بانگەشەیەک بۆ فیتنە رابگرن.

ئەعرەجی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم جۆرە کارانە "پێشێلکارییەکی راشکاو و مەترسیدارن بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق و ئاسایشی نەتەوەیی وڵات."

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی بەوە داوە، دووبارەی دەکەینەوە کە رێکاری یاسایی بەرانبەر بە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تێوەگڵانیان لەم کارانەدا دەسەلمێنرێت و بەگوێرەی یاساکانی عێراق، رووبەڕووی توندترین سزا دەبنەوە.

قاسم ئەعرەجی لە کۆتاییدا دەڵێت "منداڵەکانتان (شوێنکەوتووەکانتان) ئاگادار بکەنەوە، چونکە عێراق گۆڕەپانی یارییە گڵاوەکانتان نییە.