لە کوەیت بەهۆی هێرشی درۆنەوە ئاگر لە پاڵاوگەی ئەحمەدی کەوتەوە

کەرتی نەوتی کوەیت رووبەڕووی هێرشی درۆن دەبێتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، پاڵاوگەی بەندەری ئەحمەدی کرایە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کوەیت "کۆنا" لە زاری دامەزراوەی نەوتی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026،  پاڵاوگەی بەندەری ئەحمەدی سەر بە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کوەیت، کەوتە بەر هێرشی چەند درۆنێک، بەهۆیەوە ئاگر لە چەند یەکەیەکی کارپێکردنی پاڵاوگەکەدا کەوتەوە."

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری دەستبەجێ دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کردووە. وەک رێکارێکی خۆپارێزیش بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان و دامەزراوەکە، ژمارەیەک یەکەی ناو پاڵاوگەکە داخران.

بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، هێرشەکەی ئەمڕۆ هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانە مادییەکان و لێکۆڵینەوەن لە وردەکاریی رووداوەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممەش، هەردوو پاڵاوگەی "بەندەری ئەحمەدی و بەندەری عەبدوڵڵا" رووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بوونەوە. بەرگریی شارستانی کوەیت رایگەیاندبوو؛ شەش تیمی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ئاگری ناو یەکەکانی ئەو دوو پاڵاوگەیە بکوژێننەوە کە بەهۆی درۆنەکانەوە دروست ببوو.

دامەزراوەی نەوتی کوەیت دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردبووەوە، هێرشەکەی سەر پاڵاوگەی بەندەری عەبدوڵڵا سنووردار بووە و هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکان گیراونەتە بەر.