شەش وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ پاراستنی گەرووی هورمز راگەیاند
هەریەک لە وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و ژاپۆن، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی وزە لە ناوچەی کەنداو کرد. ئەم وڵاتانە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و دەستەبەرکردنی هاتوچۆی دەریاوانی.
ئەم هەڵوێستە توندەی ئەو شەش وڵاتە دوای ئەوە هات کە ئێران هێرشی کردە سەر کێڵگەی غازی "رائس لەفان" لە وڵاتی قەتەر. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "داوای راگرتنی دەستبەجێ و گشتیی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان دەکەین، بەتایبەتی دامەزراوەکانی نەوت و غاز." هەروەها ئیدانەی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییە بێبەرگرییەکان و داخستنی گەرووی هورمزیان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کرد.
بەریتانیا ئاشکرای کردووە، لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ئەوروپا و کەنداو کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
لای خۆشیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پێشنیازی دروستکردنی "چوارچێوەیەکی کارکردنی نێودەوڵەتی" لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ پاراستنی کەشتییەکان، بەڵام جەختی کردەوە وڵاتەکەی نابێتە بەشێک لە هیچ پێکدادانێکی سەربازیی راستەوخۆ یان بۆردومانکردن لە ناوچەکەدا.
داخستنی گەرووی هورمز، پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی توندی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ستراتیژی خۆی خستە بازاڕەوە و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ بڕی زیاتر ئەگەر پێویست بکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەو شەش وڵاتە جەختیان کردەوە، رێکاری زیاتر دەگرنەبەر بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی وزە، لەوانەش هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی کەنداوەوە دروست بووە.